هەواڵ

لە حەمدانییەی مووسڵ شایی بوو بە شین؛ زیاتر لە سەد کەس گیانیان لەدەست دا

شەوی ڕابردوو لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە شاری حەمدانییە سەر بە پارێزگای مووسڵ، ئاگر لە هۆڵی ئاهەنگەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە سەد کەس گیانیان لەدەست دا. زیاتر لە ١٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

حەنین و ئیرڤان دوو گەنجی دانیشتووی شاری حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، دوێنی شەو ئاهەنگی هاوسەرگیریان لە هۆڵی هەیسەمی ئەو شارە گرتبوو.

ئەم دوو گەنجە بۆ ئاهەنگەکەیان زیاد لە هەزار کەسیان لە ناوەوە و دەرەوەی عیڕاق بانگهێشت کردبوو کە زۆرینەیان مەسیحی و ئێزیدی بوون.

ئاهەنگ دەستی پێکرد و خەندە و خۆشی ئامادەبووان و بوک و زاوا هۆڵەکەی ڕازاندەوە، بەڵام ئەم خۆشیە تا کاتژمێر ١٠:٣٠ شەو بڕی کرد.

لە ناکاو، هۆڵەکە ئاگری گرت. ئاگر بڵێسەی دەسەند و وەک ئەوەی بۆردومان بکرێن ئاگر لەسەقفی هۆڵەکەوە دەکەوتە خوارەوە.

بەپێی دوایین ئاماری مانگی سووری عێراقیی ژمارەی کوژراوان و بریندارانی ڕوووداوەکە بۆ زیاتر لە ٤٥٠ کەس بەرز بووەتەوە.

بەهۆی زۆریی ژمارەی قوربانییەکانەوە نەخۆشخانەكانی مووسڵ ڕایانگەیاندووە کە فریای وەرگرتنی هەموو بریندارەکانی رووداوەكە ناكەون. بۆیە ژمارەیەک لە بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی شارەکانی هەولێر و دهۆک گواستراونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی نەینەوا رایگەیاندووە کە ئاگرەكەیان بەتەواوەتی كۆنترۆڵ كردوە و تەرمی هەموو قوربانییەكان لەناو هۆڵەكە دەرهێنراون. بەڵام هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە دەڵێن هێشتا تەرم لەژێر داروپەردووی هۆڵەكەدا ماون.

پارێزگاری نەینەوا ماوەی هەفتەیەک ماتەمینی لەو پارێزگایە ڕاگەیاندووە.

خاوەنی هۆڵەکە گوتوویەتی کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە شۆرتی کارەبا بووە.

بەڵآم بەرگریی شارەستانی مووسڵ و ژمارەیەک لە شایەتحاڵان دەڵێن ئاگرەکە بەهۆی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان لەناو هۆڵەكەدا لەلایەن هەندێك لە بەشداربوانەوە، کەوتبێتەوە.

بنمیچی هۆڵەکە لە مادەی "سەندویچ پەنێل" درووست کراوە کە ماددەیەکە زوو ئاگر دەگرێت و پێدەچێت لە کاتی هەڵدانی یاریی ئاگریندا ئەم کارەساتەی لێ کەوتبێتەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە