هەواڵ

پچرانی چەند کاتژمێرەی ئینتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٨ی نۆڤەمبر (٢٧ی خەزەڵوەر) تۆڕی ئینتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی پچرانی سەرتاسەری بوو. ئەوەش نیگەرانیی هاووڵاتیانی لێکەوتەوە.

ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان لە ئێران پچرانی ئینتەرنیت لەو وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان پشتراست کردووەتەوە و دەڵێن ئەو کێشەیە لە نێوان کاتژمێر ٩ بۆ ١١ی بەیانی ڕوویداوە.

پێگەی "نێت بلاکس" کە ڕێکخراوێکی جیهانییە و چاودێری بەسەر چەندی و چۆنیی تۆڕی ئینتەرنێت لە جیهاندا دەکات، پچرانی تۆڕی ئینتەرنێت لە ئێرانی پشتراست کردۆتەوە و لە ڕاپۆڕتێکدا گوتوویەتی کە لەو ماوەیەدا ڕێژەی بەکارهێنەران لە ئێران ٥٧ لەسەد دابەزیبوو.

هەندێک لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنیت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن تەنیا توانیویانە تۆڕە ناوخۆییەکان بەکاربهێنن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەک تۆڕی خۆجێی و خۆماڵی درووست کراون و بانگەشەیان بۆ دەکرێت.

پچرانی سەرتاسەریی ئینتەرنێت، به خێرایی نیگەرانی بەربڵاوی هاوڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی چەند ساڵە بانگەشەی دامەزراندنی "تۆڕی نیشتیمانی ئینتەرنێت" دەکات و بەمشێوەیە دەیهەوێت ڕێگر بێت لە بەکارهێنانی تۆڕە جیهانییەکان لە لایەن هاوڵاتیان، سنووردارکردنی ئینتەرنێت و هەروەها ڕێگری لە ئاڵۆگۆڕی ئازادی زانیاری.

هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا و دوای پەرەسەندی بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی فەزای مەجازی، دەگوترێت کە نزیکەی سێ میلیۆن کەس ئیش و کاری خۆیان بۆ ناو ئینتەرنێت گواستووەتەوە. ئەوانیش لە ئەگەری هەر جۆرە سنووردارکردن و پچرانێکی نێتدا زەرەرمەند دەبن.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە