هونەرمەندانی کوردی خۆراسان بەهۆی لەبەرکردنی جلی کوردی بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە هەرێمی خۆراسانەوە بە دەست تەلەفزیۆنی ئاریەن گەیشتووە، ژمارەیەک هونەرمەندی کوردی خۆراسان بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادەی لە بۆنە و ئاهەنگەکانی کوردانی ئەو دەڤەرە دەبوون،بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تەلەفزیۆنی ئاریەنی ڕاگەیاند کە ڕۆژانی ڕابردوودا هەرەیەک لە هونەرمەندان "عەلی کەریمی"، "مەهدی عەرەبزادە"، "حسێن خادەمی" و "بەرات کەرەمی" لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شارەکانی قووچان، شێروان، ئیسفراین و چەند شاری دیکەی خۆراسانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت چیدیکە لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا جلوبەرگی کوردی لەبەر بکەن.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هونەرمەندانە ڕۆژی هەینیی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لە کوردانی خۆراسان گەشت و سەیرانێکیان ڕێکخستووە و بە جلوبەرگی کوردییەوە چوونەتە ئەو سەیرانە. چەند ڕۆژ دوای ئەوەی لەو سەیرانە گەڕاونەتەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.
ناوەندە ئەمنییەکان بەو هونەرمەندانەیان گوتووە کە ئەگەر جلوبەرگی کوردیی تایبەت بە کوردستان لەبەر بکەن، ئەوا بە تۆمەتی ئەندامێتی و هاوکاریی حزبە کوردییەکان ڕاپێچی دادگا دەکرێن.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی بانگهێشتکردنی ئەو هونەرمەندانە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، کاردانەوەی کوردانی خۆراسانی لەسەر پلاتفۆرمەکانی فەزای مەجازی لێکەوتەوە.
ژمارەیەک لە بەکارهێنەران لەسەر ستۆرییەکانیان لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام، وێنەی ئەو هونەرمەندانەیان بڵاو کردۆتەوە و پشتگیریی خۆیان لەوان دەربڕیوە.
بەکارهێنەرێکی ئینستاگرام وێنەیەکی "حسێن خادەمی"ی لە ستۆریەکدا داناوە و نووسیوەیەتی: "حسێن گیان، هەنگاوەکانی تۆ و مامۆستا کەریمی و عەرەبزادە، ترسێکی وای خستۆتە دڵی ناحەزانی کوردانی خۆراسانەوە، کە هەموو ساتێک ئاستەنگتان بۆ درووست دەکەن و ڕێگە لە چالاکییە فەرهەنگییەکانتان دەگرن. بەڵام خۆت گوتەنی، لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی ئێمە چی دەکەن؟"
بەکارهێنەرێکی دیکەش نووسیویەتی: "ئێمە کوردەکان زیندە بەچاڵ دەکەن. دوورمان دەخەنەوە.
سەرکوتمان دەکەن. کولتوور و ناسنامەکان لێمان زەوت دەکەن. بەڵام دیسانیش کورد ماوینەتەوە. وەک دەڵێن دەتوانن کورد بکوژن، بەڵام ناتوانن لەناوی ببەن."
بەکارهێنەرێکی دیکەش لە ستۆرییەکدا ڕوو لەو هونەرمەندانەی بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون، نووسیویەتی: "ئێمە، ئێوە بە ڕەسەنایەتیەوە دەناسین. ئێمە ئێوە بەو گۆرانییە خۆشانەتانەوە دەناسین کە کۆمەڵێک یادەوریی جوانیان بۆ ئێمە خوڵقاندووە. ئەوەی کە چ جلوبەرگێک لەبەر بکەن هیچ گرینگ نییە. ئێوە شانازیی ئێمەی کوردانی کرمانجی خۆراسانن."