هەواڵ

کوژران و برینداربوونی دەیان هاوڵاتیی فەلەستینی لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی نوامبر (٢٩ی خەزەڵوەر)، بە هۆی هێرشی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ئەندۆنۆزیایی لە کەرتی غەزە لانیکەم ١٠ کەس کوژراون و ژمارەیەکیش برینداربوون.

نەخۆشخانەی ئەندۆنۆزیایی لە ناوچەی جەبالیا لە باکووری غەزە و لە نزیک شاری "بەیت حانون" هەڵکەوتووە.

ئەو هێرشە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممەش سوپای ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر کەمپی ئاوارەکانی جەبالیا. ئەو کەمپە لە قوتابخانەیەکدا کراوەتەوە و لە ژێر چاودێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە. بە هۆی ئەم هێرشەشەوە دەگوترێت دەیان کەس کوژراون و برینداربوون. بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو ئاماژەی بە ژمارەیەکی دیاری‌کراو نەکردووە.

هەروەها رێکخراوی پزیشکانی بێ‌سنوور لە ڕاپۆڕتکدا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی نوامبر (٢٨ی خەزەڵوەر) لە ئاکامی هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر شاری "خان یونس" لانیکەم ٧٠ هاووڵاتی فەلەستینی کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

بە گوتەی ئەو ڕێکخراوە ژمارەیەک لە کوژراوەکان منداڵ و نەوجەوانن.

سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژانی ڕابردوو گۆڕەپانی شەڕی لە غەزە بەرفراوان کردووە و داوای لە دانیشتووانی چەندین ناوچەی باکوور، ناوەڕاست و باشووری غەزە کردووە ماڵەکانیان بەجێ‌بهێڵن. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن هیچ شوێنی دڵنیا لەو کەرتە نییە و هاووڵاتیان تووشی سەر لێشێوای بوون و نازانن پەنا بۆ کوێ بەرن.

بە تایبەت لە کاتێکدا کە وڵاتی میسریش ئامادەنییە ئاوارەکانی شەڕ لە خۆگرێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتانی عەڕەبی ترسیان هەیە لە ئەگەری کۆچ‌بەر بوونی هاووڵاتیان فەلەستینیدا، ئیسرائیل جارێکی دیکە ڕێگەی گەڕانەوەیان پێنەدات و غەزە بخاتە سەر وڵاتەکەی.

بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دنیا، تەنانەت هاوپەیمانانی ئیسرائیلیش نیگەرانیان دەڕبڕیوە لە بەرزبوونەوە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە کەرتی غەزە و داوایان لە سوپای ئەو وڵاتە کردووە کە ئاگاداربێت و گیانی هاووڵاتیان بپارێزێت.

خودی بێنیامین نێتانیاهۆش لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئاشکرای کرد کە سوپای وڵاتەکەی لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان سەرکەوتوو نەبووە.

لە سەرەتای شەڕی غەزەوە تا ئێستا دەگووترێت کە لانیکەم ١٢ هەزار هاووڵاتی مەدەنی فەلەستینی کوژراون و بە دەیان هەزار کەس بریندار بوونە و دەیان هەزار ماڵ و بیناش وێران‌بوونە یا زیانیان بەرکەوتووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە