هەواڵ

غەزە؛ زێدی ئاوارە و ماڵ‌‌وێرانەکان

بەپێی ڕاپۆڕتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مەزەندە دەکرێت کە زیاتر لە یەک ملیۆن و حەوسەد هەزار کەس لە دانیشتووانی کەرتی غەزە، ئاوارە بووبن. لە هەمانکاتدا دەگوترێت کە نزیکەی پەنجا لەسەدی سەرجەم ماڵ و بیناکانیش وێران ‌بوون یا زیانیان بەرکەوتووە.

ناوەندی هەماهەنگیی هاوکارییە مرۆییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت کە لەو ژمارەیە، نزیکەی ٩٠٠ هەزار ئاوارە لە ١٥٤ قوتابخانەی کەرتی غەزەدا، کە لەلایەن ڕێکخراوی یارمەتیی مرۆیی فەلەستینییەوە سەرپەرەشتیاری دەکرێن، نیشتەجێ بوونە.

بە گوتەی ئەو ناوەندە، ئەو قوتابخانانە تەندراون لە ئاوارە و خزنەتگۆزاریی یەکجار کەمیان هەیە.

ئەو هەواڵانە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیڵ ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی نۆڤەمبر (٢٨ی خەزەڵوەر) داوای لە دانیشتووانی چەندین ناوچەی باکوور، ناوەڕاست و باشووری غەزە کردووە ماڵەکانیان بەجێ‌بهێڵن و ڕووبکەنە ناوچە باشووری‌ترەکان.

لە هەمانکاتدا چەند مامۆستایەکی زانکۆی هەرێمی ئۆرگەنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە لێکدانەوەی داتاکانی سەتەلایتەکان، بەو ئەنجامە گەیشتوون کە تا ڕۆژی ١٨ی نۆڤەمبر لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ لەسەدی سەرجەمی ماڵ و بیناکانی کەرتی غەزە وێران‌ بوون یاخود زیانیان بەرکەوتووە.

ئەو پسپۆڕانه دەڵێن ماڵ و بینای ساخ، لە بەشی باکووری غەزە، بە دەگمەن ماون و زۆربەی وێرانییەکان لەو ناوچەیەن؛ ناوچەیەک کە سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی کردووەتە سەر و لە ئێستادا گەمارۆی داوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە