حوکمی ١٣ ساڵ زیندانی بۆ دایکی گیانبەختکردوویەکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەرێ کرا
بەپێی ڕاپۆڕتی ڕاگەیاندنەکانی مافی مرۆڤ، دادگای پێداچوونەوە پارێزگای مازەندەران، حوکمی ١٣ ساڵ زیندانی "مەهسا یەزدانی" دایکی محەممەدجەواد زاهێدی، یەکێک لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی ئەرێ کردووە.
هەروەها مەیسەم موسەویش، پاریزەری ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ خەزەڵوەر (١٩ی نۆڤەمبر) لە پۆستێکی ئینستاگرامیدا ئەو هەواڵەی بڵاو کردۆتەوە.
پێشتر مەهسا یەزدانی (مەعسومە)، لەلایەن لقی یەکی دادگای "شۆڕش"ی شاری سارییەوە، بە تاوانی "بێرێزی کردن بە پیرۆزییەکان"، "دنەدانی خەڵک بۆ تێکدانی تەناهیی نیشتیمانی"، "بێڕێزی بە خامنەیی" و "پڕۆپاگەندە لە دژی نیزام" بە ١٣ ساڵ زیندان حوکم درابوو کە ٥ ساڵی دەبوو جێبەجێ کرابا.
مەهسا یەزدانی، دایکی محەممەدجەواد زاهێدییە کە لە گەرمەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بە هۆی تەقەی هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بریندار بوو و گیانی لەدەستدا.