
ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی "محەممەدمێهدی کەرەمی" کە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرا و دوواتر لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لە سێدارە درا، بەبێ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی بدرێت، لە زیندانی ناوەندیی کەرەج دەستبەسەرە.
به پێی راپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ماشەڵڵا کەرەمی سەرەڕای ئەوەی نەوەد ڕۆژە دەستبەسەر کراوە، لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەش کراوە و بنەماڵەکەیشی لەژێر هەڕەشەدان تا هیچ هەواڵێک لەسەر بارودۆخی بڵاو نەکەنەوە.
ئەم باوکە دادخوازە، ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژ (٢٢ی ئاگۆست) لە ماڵەکەی خۆی لە کەرەج لەلایەن هێزە سەرکووتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و دوواتر گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە.
ئەم هاوڵاتییە کوردە ڕۆژی ٦ی گەڵاڕێزان (٢٨ی ئۆکتۆبەر) دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی لێپرسینەوە، بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی بۆ دەرچوو و بۆ زیندانی ناوەندیی کەرەج گواسترایەوە.
بە گوتەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هێزە سەرکووتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی ڕفاندنی ماشەڵڵا کەرەمیدا ماڵەکەیشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانی ئەم بنەماڵەیە، لەوانە مۆبایلەکانیاندا گرتووە.
محەممەدمێهدی کەرەمی، هاوڵاتیی کوردی خەڵکی بیجاڕ، لە گەرمەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری کەرەج دەستبەسەر کرا و لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی "کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان"دا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم لاوە کوردە لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکە بە ناوی "محەممەد حوسەینی" لە ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ (٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە سێدارە دران.