هەواڵ

لافاو لە باکوور و باشووری کوردستان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

بە پێی زانیارییەکان، بەهۆی بارینی بە خوڕی باران و هاتنی سێڵاو لە باکووری کوردستان لانیکەم ٥ خۆوڵاتی کوژران و چەندین هاوولاتیش برینداربوون.

میدیا خۆجێیەکانی باکووری کوردستان دەڵێن لە پاریزگای باتمان ٤ هاوڵاتی و لە پارێزگای ئامەدیش ٢ هاوڵاتی کەوتوونەتە ناو ئاو و خنکاون. ڕاپۆڕتەکان باس لەوەش دەکەن کە دەیان هاولاتیش برینداربوون و گەیەندراونەتە ناوەندە پزیشکییەکان.

هەروەها دەگوترێت کە ژمارەیەکی زۆری مەڕ و ماڵاتی گوندنشینان مردار بوونەتەوە و سەدان ماڵ و بیناش زیانیان بەرکەوتووە.

هاوڵاتیانی باکووری کوردستان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی باران بارین و سێڵاوەکەیان بڵاوکردووەتەوە و ڕەخنەیان ئاراستەی شارەدارە خۆسەپێنەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئاکەپە مەهەپە کردووە.

ئەگەرچی لە ئەنجامی پڕۆسەی هەڵبژاردن‌دا کورسی شارەوانی لە زۆربەی شارەکانی دوو پارێزگای ئامەد و باتمان کەوتنە دەستی پارتە کوردییەکان، بەڵام دواتر ڕژیمی تورکیا بە بیانووی جیاواز شارەوانە هەڵبژێردراوەکانیان لە ئەرکەکانیان هەڵپەسارد و دۆسیەیان لە دادگا لەدژیان کردنەوە و لە جێگای ئەوان "قەیوم"یان بەسەر شارەکاندا سەپاند.

هەروەها لە باشووری کوردستانیش چەند ناوچەیەک، وەک هەولێر بە هۆی باران بارینەوە تووشی لافاو بوون. دەگوترێت کە ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەرەکە کۆن و هەژارنشینەکانی شاری هەولێر تووشی زەرەر و زیان‌بوون.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە