هەواڵ

دوو ڕۆژنامەنووسی ژن بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمە داسەپاوەکانیان بۆ زیندانی ئێڤین گواسترانەوە

بە پێی زانیارییەکان هەر یەکە لە "نەسیم سوڵتان‌بەیگی" و "سەعیده شەفیعی" دو ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مافەکانی ژنان بۆ تێپەڕکردنی ماوەی ئەو حوکمەی بەسەریاندا سەپێندراوە، دوای ئەوەی پەیوەندییان بە دادگا کردووە، گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران.

سەعیدە شەفیعی، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزڵوەر و نەسیم سوڵتان‌بەیگی ڕۆژی ٣٠ خەزەڵوەر، لەلایەن دەسەڵاتی قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بردراونەتە ئەو زیندانە. هەر یەک لەو دوو ڕۆژنامەنووسە ماوەی سێ ساڵ و نیوی حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپێندراوە.

نەسیم سوڵتان‌بەیگی، ڕۆژێک پێشتر لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی نووسراوەیەکی بڵاوکردووە و لە بەشێکی‌دا نووسیویەتی: "دەچمە زیندان تا لەگەڵ هاوسەنگەرانم، داهاتوو بونیات بنێم".

پارێزەری ناوبراویش لە تۆڕی ئێکس (تویتەری جاران) نووسیویەتی کە نەسیم سوڵتان‌بەیگی "لە ڕووی تەرندرووستییەوە بارودۆخێکی گونجاوی نییە و بۆ زیندان ناشێت".

ئەو هەروەها گوتوویەتی کە "بڕیاردەر و جێبەجێ‌کاری ئەو حوکمە، بەرپرسیارن لە بەرامبەر سڵامەتی ئەو".

ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە لە گەرمەی سەرهەڵدانەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا، لەلایەن هیزە سەرکووتکارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست‌بەسەر کران و پاشان لەلایەن دەسەڵاتی قەزایی ئەو وڵاتەوە بە تاوانی "پڕۆپاگاندا لە دژی نیزام" و "کردەوەی دژی تەناهی نیشتیمانی" حوکمی زیندان بەسەریاندا سەپا.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە