هەواڵ

ئەمریکا، کەنەدا و بەریتانیا چەند کەسی دیکەی سەر بە ڕژیمی ئێران دەخەنە لیستی ڕەشەوە

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ئەنتۆنی بلینکەن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ وەزارەتی خەزێنەی ئەو وڵاتە، بە هەماهەنگی لە گەڵ کەنەدا و بەریتانیا، ٣٧ کەسیان لە ١٣ وڵاتی جیهان لە ناویاندا ئێران، خستۆتە لیستی گەمارۆ ئابوورییەکان و قەدەغەی ڤیزاپێدانەوە.

بەپێی هەواڵەکە ئەو کسانە "بەرپرسیارن لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و بە ئامانجگرتنی کاربەدەستانی ئەمریکایی.

لەو لیستەدا دوو ئەفسەری ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێرانیش هەن، کە لە هەوڵی تۆڵەی قاسم سلێمانیدا ئەرکی هێرشی دژ بە کاربەدەستانی ئەمریکییان گرتۆتە ئەستۆ.

ناوی ئەو دوو ئەفسەرە مەجید دەستجانی فەراخانی و محەممەد مەهدی خانپوور ئەردەستانییە.

هاوکات، حکوومەتی بەریتانیاش ناوی پێنج بەرپرسی قەزایی و ئەمنیی ڕژیمی ئێرانی خستۆتە لیستی ڕشەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی هەینی ٨ی دیسەمبەر، ١٧ی سەرماوەز، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، ناوی ئەو پێنج کەسە هاتووە.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، هەریەک لە عەلی سالحی سەردۆزگەری گشتیی تاران، عەلیڕەزا ئەدیان سەرۆکی دەزگای عەقیدەتی سیاسیی پۆلیس، مەسعوود دروستی بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی میترۆی تاران، عەلی‌ئەکبەر جاویدان فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای هورموزگان (لە باشووری ئێران) و حەسەن موفەخەمی شەهرستانی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای مازەندەران (لە باکووری ئێران) خراونەتە لیستی گەمارۆکانی بەریتانیا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەو کەسانە دەستیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین، سەرکوتی ناڕازیان و هەڵاواردنی جنسی لەدژی ژناندا هەبووە.

شرۆڤەکاران و ڕەخنەگران لە سیاسەتی گەمارۆی ئەمریکا لە دژی ئێران، باس لەوە دەکەن کە گەمارۆکان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە سەر خودی ڕژیم نییە و زیاتر بۆ ئەوەیە ئەمریکا وای نیشان بدات، کە لە دژی ئێران هەنگاو دەنێت.

ژنان و چالاکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازانی ناوخۆی ئێرانیش داوای هەنگاوی کرداری و یەکدەنگ، لە دژی ڕژیمی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی جیهان، بە تایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە