هەواڵ

ڕژیمی ئێران ڕێگریی کرد لە چوونی بنەمالەی ژینا ئەمینی بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا

شەوی هەینی ٨ی دێسەمبەر (١٧ی سەرماوەز) هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە فرۆکەخانەی تاران ڕێگرییان لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ڕەمزی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کرد بۆ ئەوەی گەشت بکەن بۆ فەرەنسا و بەشداری ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ لە پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا بن.

بە پێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، موژگان ئیفتیخاری، ئەمجەد ئەمینی و ئەشکان ئەمینی لەگەڵ ساڵح نیکبەخت پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆڤ لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا چوونەتە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران.

بەڵام هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی سەفەرکردنیان بە بنەماڵەی ئەمینی نەداوە و دواجار تەنها ڕێگەیان بە پارێزەرەکەیان داوە سەفەر بکات.

هێزەکانی ڕژیم ڕایانگەیاندووە کە بنەماڵەی ئەمینی قەدەغەی چوونەدەرەوەیان لەسەرە و دوای لێپرسینەوە، دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیشیاندا گرتووە.

وا بڕیارە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەکەیەوە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداری بکات.

پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ی ساخارۆفی پێشکەشی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی شۆڕشگەریی ژن، ژیان، ئازادی کردووە. وا بڕیارە ڕێوڕەسمی پێسکەشکردنی ئەم خەڵاتە ڕۆژی ١٢ی دیسامبەر لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوە بچێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە