هەواڵ

حوسییەکانی یەمەن دەڵێن هەر بەلەمێک بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیکەنە ئامانج

گرووپی حوسییەکانی یەمەن، لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕوو لە تەواوی کۆمپانیاکانی دەریاوانی ڕایگەیاندووە کە هاوکاری ئیسرائیل نەکەن و هەر بەلەمێک بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیکەنە ئامانج.

ئەو گرووپە ئیسلامگەرایە کە لەلایەن ئێرانەوە تەیار دەکرێت، چوونی تەواوی بەلەمەکانی بۆ ئیسرائیلی "قەدەغە" کردووە و دەڵێت ئەو دۆخە تا ئەو کاتەی کەرتی غەزە لە گەمارۆدا بێت بەردەوامە.

حوسییەکان دەڵێن سەرجەمی ئەو بەلەمانە دەکەنە ئامانج کە بەرەو ئیسرائیل دەچن، بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەو وڵاتانەی خاوەندارێتیان دەکەن.

لە دوای دەستپێکی شەڕی غەزەوە، حوسییەکانی یەمەن لە دژی ئیسرائیل شەڕیان ڕاگەیاند و تائێستا دەیان جار مووشەک و فرۆکەی بێ‌فرۆکەوانیان ڕەوانەی باشووری ئیسرائیل کردووە.

ئەوان هەروەها دەستیان بەسەر بەلەمێکی بازرگانی مەزندا گرتووە و هێرشیان کردۆتە سەر چەندین بەلەمیش.

کارناسان پێش‌بینی دەکەن، کە ئەگتەر حوسییەکان هەڕەشەکانیان بخەنە بواری جێبەجێ‌کردنەوە، ئەوە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ڕژیمی ئێران و ئەمریکا لە ئارادا دەبێت.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی، ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەفتەی ڕابردوو گووتی: «حوسییەکان بە بریار و پشتیوانی ئێران جوڵە دەکەن».

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە