هەواڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان: نیوە خەڵکی غەزە برسین

بەرپرسێکی باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای هۆشداری‌دان بە نیسبەت کەمیی خۆراک و گەیشتنی پچرپچری یارمەتییەکان، ڕایگەیاند کە نیوەی خەڵکی غەزە برسین.

بە گوتەی کارێل ئێسکائۆ، جێگری سەرۆکی سندووقی خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکان "لە هەر ١٠ کەس لە غەزە، ٩ کەس ناتوانێت هەموو ڕۆژێک خواردن بخوات و نیوەی خەڵکەکە برسین".

ئەو بەرپرسە دەشڵێت کە بەردەوامیی دۆخەکە، پرۆسەی گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی نا مومکین کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، مەحموود عەباس، سەرۆکی خۆبەڕێوەبەی فەلەستین، ئەمریکای بەوە تاوانبار کردووە کە هاوبەشە لە "کۆمەڵکوژی"ی گەلی فەلەستین‌. ئەو ڕەخنەیەی عەباس دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا بریارنامەی ئاوارتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی، کە داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕی کردبوو، ڤیتۆ کرد.

ئەو بڕیارنامەیە لە لایەن ئیماراتەوە پێشنیار کرابوو و لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش ١٣ ئەندام ئەرێیان کرد و بەریتانیا دەنگی بێ‌لایەنی دا و ئەمریکا ڤێتۆی کرد.

ئەو قسە و قسەڵۆکە دیپلۆماتیکانە لە کاتێکدان کە تا دێت، ڕەوشی خەڵکی غەزە خراپ‌تر دەبێت. سوپای ئیسرائیل لە چەند ڕاگەیاندراوێکدا گوتوویەتی کە شەڕ بە چڕی لە خان‌یونس و شاری غەزە بەردەوامه.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت لە هەندێک شوێن پێشڕەوی کردووە، بەڵام شەڕەکە ماڵ بە ماڵ و دەستەویەخەیە.

هەروەها ئیسرائیل ئەم پێکدادانانەی بە "قورس‌ترین" پێکداندانەکان لە دەستپێکی شەڕەوە ناوزەد کردووە.

هەمووی ئەوانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بە بەردەوامی و بە چڕی بەردەوامە لە موشەک‌باران کردنی شوێنە جیاوازەکانی کەرتی غەزە.

بەرپرسانی کەرتی تەندرووستیی کەرتی غەزەش ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی گەیشتۆتە ١٧ هەزار و ٧٠٠ کەس. بەرپرسێکیش ڕایگەیاندووە کە ژمارەی بریندارەکان ئەوەندە زۆرە، کە ئیتر لە هەژماری ئەوان دەرچووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە