هەواڵ

وریشە مورادی ئەندامی کژار تۆمەتی بەغی ڕووبەڕووی کراوەتەوە

وریشە مورادی ژنە چالاکوانی سیاسیی کورد ناسراو بە جوانا سنە، کە ٦ مانگ لەمەوبەر لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە لە دەروازەی شاری سنە دەستبەسەر کرا، لە لقی ٥ی دادگای رژیم لە تاران، تۆمەتی "بەغی" ڕووبەڕووی کراوەتەوە. ئەمەش نیگەرانیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاست ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییەدا لێکەوتۆتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وریشە مورادی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دوو جار براوەتە بەردەم لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلاب لە تاران و، تۆمەتی "بەغی" یان چەکهەڵگرتنی لە دژی ڕژیمی، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دا ڕووبەڕوو کراوەتەوە. دواتریش دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم لقی ١٥ی دادگای ڕژیم لە تاران کە قازی سەڵەواتی سەرۆکایەتیی دەکات.

"بەغی"بە واتای "ڕاپەڕینی چەکداری لە بەرامبەر "حکوومەتی ئیسلامی" دێت و لە ڕیزی تۆمەتە سیاسی-ئەمنییەکانە لە ئێران کە بەپێی ماددەکانی ٢٨٨ و ٢٨٧ی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی، سزاکەی دەشێت لە زیندانی‌کردنەوە هەتا لەسێدارەدان بگرێتەوە.

وریشە مورادی لە پێنج مانگی سەرەتای دەستبەسەرکردنیدا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لێی، خرایە ژێر گوشار و ئەشکەنجەوە. ئەو لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوەی دادسەرا، لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو و تەنها دوای دەرکردنی سزانامەکە و تۆمەتبارکرنی، توانیویەتی پێوەندی بە پارێزەرەوە بکات.

وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ سنە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەو شارە دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کژار لە ٢٠ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیرا و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.

ئەو ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار (٢٦ی دێسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٢٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی خۆی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنیی ژناندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندبوو. کژار داوای لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ کردبوو لە ئاست بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران دژ بەم چالاکە سیاسییە بێدەنگ نەبن.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە