هەواڵ

ئەحمەد تورک: بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناونیشانی چارەسەری ئۆجالانە

ڕێپێوانی ئازادی، لە پێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسیی پرسی کورد، کە ٨ ڕۆژ لەمەوبەر لە هەردوو قۆڵی شاری وان و قەرسەوە دەستی پێکرد، بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە بەردەوامە.

ئەمڕۆ لە هەشتەمین ڕۆژدا، بەشداربووانی قۆڵی وانی ڕێپێوانەکە، گەیشتنە شاری نسێبین سەر بە پارێزگای مێردین و لەلایەن ئەحمەد تورک، سیاسەتمەدار و پاڵێوراوی هاوشارەداریی مێردین لە پارتی یەکسانی و دێموکراسیی گەلان و گەلی نسێبینەوە پێشوازییان لێ کرا.

لە ڕێپێوانی لقی واندا کەسکین بایندر هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان، دەبەپە، پارلەمانتەرانی پارتی یەکسانی و دێموکراسیی گەلان، دەم پارتی، هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی پشتیوانیی یاسایی بۆ بنەماڵەی گیراوانی سیاسی و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنیەکانیش بەشدارن.

خەلکی نسێین لە دەروازی شارەکە، بە درووشمی بژی بەرخۆدانی زیندانان، بژی سەرۆک ئاپۆ و مەشخەڵ بەدەست پێشێوازییان لە ڕێپێوانی ئازادی کرد و تا پارکی ئاشتی لە ناوەندی شار، گەل بە چەپڵەڕێزان لە سەر شەقامەکان، سڵاویان ئاراستەی بەشدارانی ڕێپێوان کرد.

دواتر لە پارکی ئاشتی، ئەحمەد تورک پاڵێوراوی پارتی یەکسانی و دێموکراسیی گەلان بۆ هاوشارەداریی شاری مێردین، لە پەیامێکدا بۆ ئامادەبوان گوتی: دەوڵەت سیاسەتی گوشار و توندوتیژی لە دژی گەلی کورد بەڕێوە دەبات. ئەوڕۆ لێرە شانبەشانی گەلی نسێبین وەستاوین کە بۆ ئازادی گەلێک قوربانیی داوە. ماوەیەکی دورودرێژە گەلی کورد لە پێناو ئاشتی و ئازادیدا بەرخۆدان دەکات. وێڕای قوربانیی مەزن، گەلی کورد هێشتا بە پێوەیە و لە پێناو دادپەروەری و پرسی کورددا لە مەیدانە. سیستەمێک لە ئارادایە کە نە تەنها باکوور، بەڵکوو ڕۆژئاوای کوردستانیش دەکاتە ئامانج. هەموو لایەک دەزانن کە بەڕێز ئۆجالان، هزرێکە، مامۆستایەکی ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناونیشانی چارەسەرییە. تێکۆشانی ئێمە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی بەڕێز ئۆجالانە."

ئەحمەد تورک سڵاوی ئاراستەی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کرد لە پێناو ئازادیی ئۆجالاندا و گوتی: ئێمە بەردەوام بۆ نرخە هاوبەشەکانی گەلان تێدەکۆشین. ئەم تێکۆشانە، تێکۆشانی یەکسانییە. تا ئێستا هیچ لایەنێک بە شەڕ ئەنجامی بەدەست نەخستووە."

هاوکات قۆڵی ڕێپێوانی قەرسیش ئەمرۆ گەیشتە شاری دێرسیم و لەلایەن گەلەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا. ڕێپێوانەکە بە دەم وتنەوەی درووشمی ژن،ژیان، ئازادی و بژی بەرخۆدانی زیندانان، هەروەها موزیکی هونەرمەندانی ناوەندی چاند و هونەری شارەکە، تا مەیدانی سەید ڕەزا بەردەوام بوو.

لەوێش پەرلەمانتەر گوڵستان کڵچ کۆچیگیت لە پەیامێکدا بە ناوی دەم پارتییەوە گوتی: ئێمە لە سەر خاکی عەلی شێر، سەکینە و مەزڵوومەکانین. ماوەی ٣٥ مانگە ئاگامان لە ڕەوشی بەڕێز ئۆجالان نییە. ئێمە لە دژی زیهنیەتێک دەستمان بە ڕێپێوان کرد کە دەڵێت پرسی کورد بوونی نییە. لە هەر بستێکی خاکی دێرسیم خوێنمان ڕشتووە. لە پێناو ئازادی و دێموکراسیدا هەموو قوربانییەکمان داوە. ئەمڕۆ کاتی ئاشتی و چارەسەرییە. ئیدی چیاکانی دێرسیمیش سەرهەڵدەدەن و دەیانەوێت ئەم شەڕە ڕابگیرێت."

دواتر بەشداربووان چوونە سەر گڵکۆی سەکینە جانسز و ئایسەل دۆغان و یادی هەر دوو ژنەشەهیدی پێشەنگیان بەرز ڕاگرت.

لەوێ دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، زەینەب ئۆدونجو پەرلەمانتەری دەم پارتی تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژییەکەی پاریس و گوتی: هەر سێ هەڤاڵمان بوونە ڕوناکی و ڕێبەری تێکۆشانی ئازادی. ئێمەی ژن درێژەپێدەری ڕێبازی ئەوانین و دەزانین کە تێکۆشانی ئازادی سەردەکەوێت. لە هەشتەمین ڕۆژی ڕێپێوانی ئازادیدا، جارێکی دیکە دەڵێین کە دەبێ بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان ئازاد ببێت و دان بە هەبوونی پرسی کورددا بنرێت.

دوای پەیامەکە بابەتێکی ڕێبەر ئۆجالان لە پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵکوژیەکەی پاریسدا خوێندرایەوە. پاشان بەشداربووان گوڵیان لە سەر گڵکۆی شەهیدان دانا.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە