هەواڵ

لە شار و ناوچەکانی هەرێمە خۆسەرەکان، گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ڕیسوا کرا

لە گەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی ڕێبەندان لە سەرانسەری هەرێمەکانی خۆسەریی دێموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە شاری حەلەبیش، چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون. لە پەیامەکاندا جەخت لە سەر درێژەدان بە تێکۆشان، تا ئازادیی یەکجارەکیی ئۆجالان و چارەسەریی سیاسیی پرسی کورد، کرایەوە.

بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، ئەمڕۆ لە شار و ناوچەکانی دێرک، تل حەمیس و چلاخا، لە بارەی گەلەکۆمەی ١٥ فێبریە لە دژی گەلی کورد لە کەسایەتیی ئۆجەلاندا، کۆبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە چوون. لە پەیامەکاندا، جەخت لە سەر ئازادیی ڕێبەری گەلان ئۆجەلان کرایەوە و، داوا لە جەوانان کرا لەو پێناوەدا بکەونە جموجۆڵ و چالاکیەوە. هەروەها داوا لە گەلانی هەرێمەکە بە گشتی کرا، کە پڕۆژەی نەتەوەی دێموکراتیک بە سەرکەوتنی یەکجارەکی بگەیەنن و، دەستنیشان کرا کە ئەمە کلیلی خۆڕێکخستن و پتەوترکردنی یەکێتیی گەلانە.

بە هەمان شێوە ئەنجوومەنی جەوانان لە شاری حەسەکە، بە ناونیشانی بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی، دیواری ئیمراڵی دەشکێنین، پانێلێکی گفتوگۆیان بەڕێوە برد و تیایدا لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانیش بەشدار بوون. لەوێ ڤیدیۆیەک لە سەر گەلەکۆمەی ناودەوڵەتی نیشان درا.

هەر بەو بۆنەوە ئەمڕۆ پارتی سوریەی پێشەڕۆژ و ئەنجوومەنی گەل لە شەهبا و عەفرین، لە لێدوانێکی هاوبەشدا گەلەکۆمەی ناودەوڵەتییان لە دژی ڕێبەری گەلی کورد شەرمەزار کرد و، وەکوو کوشتنی مرۆڤایەتی بەناویان کرد.

ئەمەو ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری ڕەققا بە پێشەنگایەتیی تەڤگەری جەوانانی شۆڕشگێڕ، لە دژی گەلەکۆمەی ناودەوڵەتی ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵ بەڕێوەچوو.

دوای ڕێپێوان ئەندامی تەڤگەری جەوانانی شۆڕشگێڕ ئیسماعیل ئەل حەوێج گەلەکۆمەی ناودەوڵەتیی بە زمانێکی توند مەحکوم کرد و ووتی: تورکیە دەوڵەتێکی داگیرکەر و ترۆریستە. ئێمە بە ئیرادەی جەوانانی شۆڕشگێڕ و ڕێکخراوەکانی گەنجان لە هەرێمەکە بە گشتی، دیواری گرتووخانەی ئیمراڵی دەشکێنین. بە جیهان دەڵێین کە پابەند دەبین بە هزری ئۆجەلانەوە. بە دەوڵەتانی دەسەڵاتداریش دەڵێین، ئێوە ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن.

بە هەمان مەبەست ئەمڕۆ کۆنگرەی ستار لە شاری حەلەب، سێمینارێکی بەڕێوە برد و، گەلەکۆمە و ئەنجامەکانی بۆ گەل شرۆڤە کرد.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە