هەواڵ

دەمیرتاش: کێ بیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات لە گەڵی دەکەوینە گفتوگۆ

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دێموکراسیی گەلان، هەدەپە، کە لە گرتووخانەی ئەدیرنەی تورکیا زیندانییە، لە تویتێکدا لە سەر تۆڕی ئێکس بابەتێکی لەبارەی پرسی کورد، دیموکراسی و دادپەروەری بڵاو کردۆتەوە. دەمیرتاش لەو بابەتەیدا ئەو سێ مژارەی لەگەڵ پرسی ئابووریی وەک مژارە هەرە سەرەکییەکانی تورکیا ناو بردووە.

دەمیرتاش نووسیویەتی: کێ بیەوێت پرسەکان چارەسەر بکات، لە گەڵی دادەنیشین. ئەگەر ئێمە لە دڵەوەبوون و جددیەت ببینین، هەردوو لا دەتوانن هەنگاو بنێن. ئێمە ناچار نین حیساب بە کەسانێک بدەینەوە کە بۆ کورسییەک، گەرووی یەکتریان گرتووە. دەبێ دەم پارتی بەم باوەڕبەخۆبوونەوە هەڵسوکەوت بکات. دەتوانێت لە گەڵ پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنیش دیدار ئەنجام بدات. ئەگەر بتوانێت، دەکرێت لەسەر بنەمای یاسا بگاتە ڕێککەوتن."

سەلاحەددین دەمیرتاش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوانەی گرنگی بە هەڵبژاردنی ٣١ی مارس لە تورکیا دەدەن، دەبێ بە جیددی نزیکی تێکۆشانی ئەوان بۆ دادپەروەری، دێموکراسی و ئاشتی ببنەوە. ئەو نووسیویەتی: پێویستە پارتی کۆماریی گەل، جەهەپە گرنگی بە هاوپەیمانیی دێموکراتیک بدات. پێویستە ئاکەپەش، چوارساڵی داهاتوو وەکوو دەرفەتێکی گەڕانەوە بۆ ڕێبازی دێموکراسی بنرخێنێت. هەروەها دەم پارتی پێویستە بتوانێت لە گەڵ هەردوو لا دیدار ئەنجام بدات. کام لایەن بە گوێرەی یاسا و پێوانەکانی دێموکراسی و دیالۆگ هەڵسوکەوتیان کرد، لە هەوڵی دانوستاندن و ڕێککەوتندابن."

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دێموکراسیی گەلان لە کۆتاییدا، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە، کە لە پێناو گەشەسەندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و دێموکراسیدا لە تورکیا، قەت بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن درەنگ نییە. دەمیرتاش نووسیویەتی: "دەبێ هەموو پارتەکان بتوانن پێکەوە لە گفتوگۆدابن. پێویستە هەموو لایەک ئەم بابەتە لەم ڕوانگەیەوە بە سینگێکی فراوان و بە نەفەسدرێژییەوە بنرخێنێ. ئێمە خزمەتی دێموکراسی، ئازادی و ئاشتی دەکەین. ئەو قوربانیانەی کە دەیدەین بۆ ئەمەیە. لەو باوەڕەدام کە ئەم نرخانە سەردەکەون و، دەبنە ڕاستی. لەو پێناوەدا خاوەن ئیرادە و هێزین."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە