هەواڵ

بەشداربووانی ڕێپێوانی ئازادی لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب و سوریانی کۆبوونەوە

ڕێپێوانی ئازادی، لە پێناو ئازادیی ڕێبەری گە لی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسیی پرسی کورد، کە ٩ ڕۆژ لەمەوبەر لە دوو قۆڵی شاری وان و قەرسی باکووری کوردستانەوە دەستی پێکرد، بەردوامە و لەلایەن پێکهاتەکانی باکووری کوردستانەوە پێشوازیی گەرمی لێدەکرێت.

بەشداربووانی قۆڵی شاری وانی ڕێپێوانەکە ئەمڕۆ لە ناوچەی "ئارتوکلوو" سەر بە شاری مێردین سەردانی دێڕی "دەیرولزەعفەران"یان کرد و لەلایەن پێکهاتەی سوریانیی ناوچەکەوە پێشوازییان لێ کرا.

پاشان بەشداربووانی ڕێپێوانی ئازادی، سەردانی کۆمەڵەی پێکهاتەی عەرەبی ناوچەکەیان کرد.

لەوێ ساکینە دەمیر دایکی سێڤێ دەمیر، ژنەسیاسەتوانی ماردینی کە لە سلۆپی لەلایەن ڕژیمی تورکیاوە تیرۆر کرا، لە پەیامێکدا بۆ ئامادەبووان گوتی: ئەگەر گەل ڕاپەڕێت، ئەم تێکۆشانە دەگاتە ئەنجام. گەلی کورد لە سایەی تێکۆشانی خۆی گەیشتۆتە ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ. ئەم دەستکەوتانە لە سایەی ئەم تێکۆشانەوەن. گەلی کورد ئاشتیی دەوێت. با گۆشەگیری لە سەر سەرۆک کۆتایی پێ بێت و زیندانیان ئازاد بکرێن. ئەوان لە ناو زیندان و دایکانیش لە دەرەوەی زیندان لە بەرخۆداندان."

عەلائەددین توران بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پێکهاتەی عەرەبیش، پشتیوانیی پێکهاتەکەی بۆ ڕێپێوانی ئازادی دەربڕی.

هەر ئەمڕۆ قۆڵی قەرسی ڕێپێوانی ئازادی گەیشتە ناو شاری چەولیگ و لە دەروازەی شارەکە جەماوەریانە و بە درووشمی بژی بەرخۆدانی زیندانان، پێشوازیی لێ کرا.

دواتر، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ناوەندی چەولیگ، گوڵستان کڵچ کۆچ یگیت سەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی پارتی دێموکراسی و یەکسانیی گەلان، بە بیری هێنایەوە کە مێژوو و زمانی کوردان هێشتا نکۆڵییان لێ دەکرێت. گوڵستان کڵچ گوتی: ئەم زیهنیەتە تاکپەرەستە سەد ساڵە بەردەوامە. ئێمە لە دژی ئەم زیهنیەتە تاکپەرستە ڕێپێوان دەکەین. بۆ ئەوەی گەلانمان بتوانن پێکەوە بژین. دەبێ پرسی کورد بە ڕێبازی دێموکراتیک چارەسەر بکرێت. پرسی کورد بە دانوستاندن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان، چارەسەر دەبێت. بە داخستی دەرگای ئیمراڵی، ئیرادەی پێکەوەژیان لەناو دەبەن. بە داخستنی دەرگای ئیمڕاڵی، دەرگای زوڵم و ستەمیان کردەوە. ئێمە بۆ کردنەوەی ڕێگای ئاشتی لە ڕێپێوانداین."

کۆچ یگیت بەبیری هێناوەیە کە هیچ زانیارییەک لە ئیمراڵییەوە بە ئەوان و گەل ناگات و پەیامێکی وەهای ئاراستەی حکوومەت کرد: ئێمە دەنگی بەڕێز ئۆجالان نابیستین. خاوەنداری لەو ئیرادەیەی ئاشتی لە ئیمراڵی دەکەین کە دەتانەوێت لەناوی بەرن. ئێوە دەبێ دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە. ئەگەر ئاشتیتان بوێت، دەبێ بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکەن."

میتینگەکەی ناوچەی چەولیگ بە گۆڤەند و دیلانی گەل و بەشداربووانی ڕێپێوانی ئازادی کۆتایی هات.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە