هەواڵ

هیومان ڕایتس وۆچ: تورکیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تاوانى جەنگ ئەنجام دەدات

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا کە ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕێبەندان (٩ی فێبرییە) لەسەر ماڵپەڕی ئەو ڕێکخراوەیە بڵاو کراوەتەوە ڕایگەیاند: دەوڵەتی تورکیا بە بۆردوومانکردنی ژێرخان و سەرخانی ئابووری و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری لە هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، هیومان ڕایتس وۆچ، لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە لە لە سێبەری سەرقاڵیی جیهاندا بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە، ئاڵۆزییەکی تر خەریکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گڕ دەسێنێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بۆردوومانی ژێرخانی ئابووری و ناوەندە مەدەنی و ستراتیژیکەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە، سەرچاوەکانی ژیانی هەرێمەکەی خستۆتە مەترسییەوە. لە ئەنجامدا کارەبا، تەندروستی و خزمەتگوزاریی پەکخراون.

ڕێکخراوەکە بەبیری هێنایەوە کە، کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی٢٠٢٣ لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیادا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ملیۆنان کەس بێ کارەبا بوون. "هەروەها لە مانگی دیسەمبەری پار و ژانویەی ئەمساڵیش هێرشەکان دژوارتر بوون. ناوەندە تەندروستییەکان و ڕێگە ستراتیژییەکان کە کارمەندانی فریاگوزاری بەکاریان دەهێنن، بۆردوومان کران."

ڕێکخراوەکە دووپاتی کردۆتەوە کە هێرش لە دژی خەڵکی مەدەنی و ناوەندە مەدەنییەکان، بە پێی یاساکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەیە. هەروەها بە ئامانجگرتنی سیستەماتیکی ژێرخانی ئابووریی هەرێمە خۆسەرەکانی وەک تاوانی جەنگ ناو بردووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە