هەواڵ

سیناتۆرێکی ئوسترالیایی: تا ئێمە بێدەنگ بین، هێرشەکانی ئێران و تورکیا دژی گەلی کورد بەردەوام دەبن

سێناتۆرێکی ئوسترالیایی لە یەکەمین دانیشتنی ئەمساڵدا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە کە ڕۆژی ٦ی فێبرییە بەڕێوە چووە، بانگی لە حکوومەتی وڵاتەکەی کردووە، داوا لە هەردوو حکوومەتی ئێران و تورکیا بکات، کۆتایی بە توندوتیژی و هێرشەکانیان لە دژی گەلی کورد بهێنن.

ماڵپەڕی هەواڵنێریی مێدیانیوز ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی ڕێبەندان (٩ی فێبرییە) بڵاوی کردەوە کە سیناتۆر دەیڤید شۆوبریج، لە پارتی سەوزی ئۆسترالیا، لەو کۆبوونەوەیەدا گوتوویەتی: "نەک تەنها تورکیا، بەڵکوو ئێرانیش هێرشەکانی لە دژی کوردان دژوارتر دەکات. مانگی ژانویەی ئەمساڵ ٤ زیندانیی کورد، دوای دادگایی کردنیان بە نهێنی لەسێدارە دران. ئەوان لە مافی سکاڵا لە حوکمەکەیان بێبەش کران و ناچار بە پەسەندکردنی ئەو پارێزەرە کران، کە حکوومەت بۆیانی دیاری کردبوو."

ئەو سێناتۆرە ئوسترالیاییە دەسنیشانی کردووە کە موحسین مەزڵوم و٣ هاوڕێکەی تری، بۆیە لەسێدارەدران چونکە داوای مافی چارەی خۆنووسین، مافی مرۆڤ و مافە کولتوورییەکانی گەلی کوردیان دەکرد. ئەو گوتوویەتی: لە ئێران کورد کە لە نەتەوە هەرە بندەستەکانە. بە تایبەت ژنانی کورد و ئێرانی، بە بەرخۆدانی جووڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی سەلماندیان کە توندوتیژی، لەسێدارەدان، زیندان، ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردن، چەندە کردەوەی دڕندانە بن، دیسان ناتوانن ئەوان بەچۆکدا بهێنن."

دەیڤید شۆوبریج سێناتۆری ئوسترالیایی لە کۆتاییدا هۆشداریی داوە لەوەی کە ئەمڕۆ جیهان کە چاوی لەسەر شەڕی غەزە و ئوکراینایە، هیچ لێپرسینەوەیەک لە تاوانەکانی ئێران و تورکیا لە دژی گەلی کورد ناکرێت.

ئەو سیناتۆرەی پارتی سەوزی ئۆسترالیا ڕوو لە حکوومەت گوتوویەتی: "کەی ئوسترالیا دەڵێ ئیدی بەسە؟ بەسە توندوتیژی و زیانی گیانی. تا ئێمە لە دژی ئەم توندوتیژیانە نەکەوینە جووڵە، تا خاوەنداری لە مافە گەردوونیەکانی مرۆڤ نەکەین، ئەم توندوتیژی و هێرشانە بەردەوام دەبن."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە