هەواڵ

پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەورووپا جارێکی تر پێداگری لەسەر بە تیرۆریست ناساندانی سپای پاسداران دەکەن

پەرلەمانی ئەورووپا بۆ جاری دووەم داوای لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کردووە سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت و گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "ئێران‌وایەر"، پەرلەمانتاران داواشیان لە وڵاتانی ئەندام کردووە دەست بە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لە کاربەدەستانی ئێرانیی بەرپرس لە پێشێلکاریی جیددی مافی مرۆڤ بکەن. هەروەها کارئاسانی بۆ وەرگرتنی ڤیزا و مافی پەنابەری و بەخشینی بەپەلە بۆ ئەو کەسانەی بە ناچاری ئێران بەجێدەهێڵن بکەن.

لە بڕیارنامەیەکەدا کە لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی فێبرییەی پەرلەمانی ئەورووپا پەسەند کرا، پەرلەمانی ئەوروپا بۆ جاری دووەم داوای لە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە کردەوە کە سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی ترۆرسیتی ڕابگەیەنێت و گەمارۆی زیاتر بخاتە سەر کاربەدەستانی باڵای ڕژیم. بە دیاریکراویش عەلی خامنەیی ، ئیبراهیم ڕەئیسی و محەمەد موەحیدی‌ئازاد سەرۆکی داواکاریی گشتیی وەک سێ بەرپرسیاری سەرەکیی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ناویانی بردووە.

لە بڕیارنامەکەدا لەسێدارەدانی بەشداربووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە زمانێکی توند شەرمەزار کراوە و داوا لە ڕژیمی تاران کراوە، کۆتایی بە لەسێدارەدانی هاوڵاتیانی بهێنێت. لە بڕیارنامەکەدا هاتووە: پەرلەمانی ئەورووپا داوای ئازادکردنی بێ‌مەرج و دەستبەجێی هەموو ئەوانەی سەرەڕۆیانە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەکات.

پەرلەمانی ئەوروپا هەروەها ئاماژەی بە چەمکی "دیپلۆماسیی بارمتە" کردووە کە ڕژیمی ئێران لە سیاسەتی دەرەوەدا وەکوو ئامرازێک لە بەرامبەر هاوڵاتیانیی بیانی بەکاری دەهێنێت. لەو بارەشەوە داوا لە وڵاتانی یەکێتییەکە کراوە ستراتیژییەکی نوێ و بوێرانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتەی ڕژیمی ئێران دابڕێژن.

ساڵی ڕابردووش لە گەرمەی سەرهەڵدانەکانی گرێدراوی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد سپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنن. بەڵام وڵاتانی ئەورووپایی تا ئێستا خۆیان لەو بڕیارەی پەرلەمان نەبان کردووە.

ساڵی ڕابردوو لە کاتی سەرکوتی سەرهەڵدانەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی ئێرانەوە کوژران و زیاتر لە ٢٢ هەزار کەسی دیکە بە شێوەی نایاسایی دەستبەسەر کران.

تادێت دەسەڵاتداران سزای لەسێدارەدان بۆ چاندنی ترس لە کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنن. بەپێی ئامارێک تەنیا لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا زیاتر لە هەشتسەد کەس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سێدارە دراون، کە نۆ کەسیان لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوون.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە