هەواڵ

بەشداربووانی ڕێپێوارانی ئازادی: سەرکەوتن بۆ کوردستانیانی خۆڕاگرە

ڕێپێوانی مەزنی ئازادی، کە لە پێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسیی پرسی کورددا، لە هەردوو قۆڵی شاری وان و قەرسەوە دەستی پێکردووە، لە ١٢ەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی فێبرییە، بەشداربووانی قۆڵی قەرسی ڕێپێوانەکە، بە دەم وتنەوەی درووشمەکانی "بژی بەرخۆدانی زیندانیان" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"، گەیشتنە شاری ئێلیح و لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە، بە دەفژەنین و بە دەم سروودی شۆڕشگێڕانەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

لەوێ جەنگیز چیچەک هاوگوتەبێژی کۆنگرەی دێموکراتیکی گەلان، هەدەکە و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەیامێکدا بۆ گەل گوتی: کورد و شۆڕشگێڕان خەونێکیان هەیە. گەلی کورد بەهای خۆی هەیە و دەشیبێت. ئەم بەهایەش بەڕێز ئۆجالانە. ئەم ڕێپێوانە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و لە پێناو ئازادیی بەڕێز ئۆجالاندایە. لێرەوە بانگ لە کۆنەپەرستان و نکۆڵیکارانی ١٠٠ ساڵە دەکەین؛ ئێمە خاوەن ناسنامەین و سەرفرازین. ئەم ڕێپێوانە لە هەمان کاتدا ڕێپێوانی ئازادییە. ڕێپێوانی کەمال پیر و خەیری دورموشە. ئەمە ڕێپێوانی حەقیقەتە. ڕێپێوانی ساکینە جانسز و ئایسەل دۆغانەکانە."

چیچەک جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە خاکی کوردستان قەڵای بەرخۆدانە و وەها قسەی کرد: خاکی کوردستان دەبێتە خاکی ئازادی و یەکسانی. ئەم ڕێپێوانە، تەنها سەرەتایە. هەتا بەڕێز ئۆجەلان ئازاد دەبێ، دان بە هەبوونی کوردستان دادەنرێ و کورد دەبێتە خاوەن پێگەی خۆی، بە دەیان هەزار کەسەوە درێژە بەم ڕێپێوانە دەدەین. سەرکەوتن هی کوردستانیانی بەرخۆدێرە.

دواتر بەشداربووانی ڕێپێوانی ئازادی سەردانی گڵکۆی سیاسەتوانی کورد مەحمەد سنجاریان کرد و تاجە گوڵینەیان لەسەر گڵکۆکەی دانا.

مەحمەد سنجار ساڵی ١٩٩٣ لە ئێلیح لە چوارچێوەی تاوانەکانی ناسراو بە بکەر نادیاردا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کرا.

پاشان دەستیان بە ڕێپێوان کردەوە و دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچەی بیسمیلی ئامەد.

بەشداربووانی قۆڵی شاری وانی ڕێپێوانەکەش، ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچەی شەمرەخی سەر بە پارێزگای مێردین و لەلایەن گەلەوە، بە بەشداریی چالاکانەی ژنان، بە دەم ئاواز و مۆسیقاوە پێشوازییان لێ کرا.

دوای ڕێپێوان تا ناوەندی ناوچەکە بە درووشمی بژی سەرۆک ئاپۆ و بژی بەرخۆدانی زیندانان، پەریهان کۆجا پەرلەمانتەری دەم پارتی، لە پەیامی خۆیدا دەستنیشانی کرد کە ڕێپێوانی ئازادی، لە دژی تاریکایی فاشیزم، کردنەوەی ڕێگەی کۆماری دێموکراتیکە. پەریهان کۆجا گوتی: ئەمە ڕێپێوانی لەناوبردنی تاریکی و دۆزینەوەی ڕێگایەکی نوێیە. ڕێپێوانی گەلی کوردە، بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی. ڕێپێوانی دایکانی ئاشتییە، بە درووشمی ئیدی بەسە.

دواتر ڕێپێوان بەرەو ناوچەی چناری ئامەد دەستی پێکرد.

بە گوێرەی پلانی ڕێپێوانەکان، چاوەڕوان دەکرێت هەردوو قۆڵی قەرس و وان ڕۆژی سێشەممە ١٣ی فێبریە بگەنە گەورەشاری ئامەد.

مریەم سۆیلو کە لە چالاکیی ئێشکگرتنی دایکانی ئامەد بۆ ئازادی و دادپەروەری بەشدارە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا ئاماژەی بە گرنگیی چالاکییەکە کرد و گوتی: ئەوەی داوای دەکەین ئاشتی و دادپەروەرییە. سیستەم ویستی دایکان بێ ڕۆڵ بکات، بەڵام چیتر ناتوانێت دایکان بێ ئیرادە بکات. ئامانجی ڕێپێوانی ئازادی دادپەرەوەری و یەکسانییە، بۆیە داوامان بەشداریکردنی جەماوەریانەیە لە گەیشتنی ڕێپۆانەکەدا بە شاری ئامەد.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە