هەواڵ

سەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی دەم پارتی: ئازادیی بەڕێز ئۆجالان، دەبێتە یەکەم هەنگاوی چارەسەری

گوڵستان کڵچ کۆچیگیت سەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی پارتی دێموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، لە لێدوانێکی فەرمیدا لە پەرلەمانی تورکیا، بابەتی ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان و چارەسەریی پرسی کوردی کردە ڕۆژەڤ.

کۆچیگیت لە لێدوانەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕێپێوانی مەزنی ئازادی، لە پێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەریی دێموکراتیکی پرسی کورد و گوتی: ئەم ڕێپێوانە، ڕێپێوانی مسۆگەرکردنی دادپەروەری و ئاشتییە. ئازادیی بەڕێز ئۆجالان، هاوکات یەکەمین هەنگاوی دێموکراتیکبوونی تورکیا و چارەسەریی پرسی کوردە. ڕێپێوانێک بە ڕێبازی دێموکراتیک و ئاشتیانەیە. هاوکات ڕێپێوانێکە بۆ دانپێدانان بە مافە سیاسی و کولتوورییەکانی گەلی کورد و مسۆگەرکردنی مافی یەکسانیی هاوڵاتی‌بوون، بەپێی دەستووری بنەڕەتیی تورکیاشە."

سەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی دەم پارتی لەو سۆنگەیەشەوە تەئکیدی لەسەر کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی ڕەهای سەر ئیمراڵی کردەوە. کۆچیگیت گوتی: "دەبێ گۆشەگیری کۆتایی پێ بێت. زەمینەی ئازادیی بەڕێز ئۆجالان بڕەخسێندرێت و مێزی دانوستاندن دابمەزرێت. لەو چوارچێوەیەدا نوێنەری گەلی کورد لەو دانوستاندنانەدا بەڕێز ئۆجالانە."

سەرۆکی گرووپی پەرلەمانیی دەم پارتی هەروەها ئاماژەی بە مافی منداڵانی کورد و گەلانی تری تورکیا، بۆ خوێندن بە زمانی دایک کرد و گوتی: بەرپرسیاری سەرەکیی پەروەردەی زمانی دایکی بۆ ٢٠ ملیۆن کورد و گەلانی تری تورکیا، پەرلەمانی تورکیایە. زمانی دایک، مافێکی مان و نەمانە، چونکە دوورکەوتنەوە لە زمانی دایک، هەڕەشەیەکی گەورە لە هەبوونی مرۆڤ دەکات. بۆیە دەبێ خوێندن و پەروەردە و هەموو خزمەوتگوزارییە گشتییەکان لە کوردستان، بە زمانی دایک بن. بابەتێکی هەرە گرنگ کە ڕێگە لە بەردەم ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە، مافی پەروەردە و خزمەتگوزارییە گشتییەکانە بە زمانی دایک.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە