هەواڵ

ڕاپۆرتی مانگانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان؛ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە مانگی ڕێبەندان‌دا

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە.

ئەو تۆڕە سەبارەت بە ڕاپۆڕتەکەی دەڵێت کە "بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە."

هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێبەندانی ١٤٠٢ (ژانڤییە و فێبرییەی ٢٠٢٤)

کۆڵبەران سێ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی مەنسوور محەممەدنژاد، جەبار وەیسی و سەیوان سەحیحی لە ناوچە سنوورییەکانی پاوەی پارێزگای کرماشان و سەقز و بانەی پارێزگای سنه بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆڵبەرێکیش بە ناوی هۆشیار مەحموودی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان نەوسوود و هەرێمی کوردستان بە دەسڕێژی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراق کوژراون. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکەیش بە ناوی فەرید ڕووبینا لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوانی پارێزگای سنەدا بە هۆی ڕەقبوونەوە لە سەرمادا گیانی لە دەست داوە.

هەروەها لانیکەم ٣٨ کۆڵبەر لە ئەنجامی ئەشکەنجە و لێدان یان دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنه و کرماشان بریندار بوون کە ٣ کەسیان منداڵ بوون. ٢ کۆڵبەریش لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراقەوە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا بریندار بوون. ٨ کۆڵبەریش لە ڕووداوی هاتوچۆ و ٢ کۆڵبەریش بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بوون.

لەسێدارەدان لانیکەم ١٠ بەندکراو* کە بە تۆمەتی «سیخوڕی»، «افساد فی‌الارض» یان تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج، زیندانی ناوەندیی کەرەج و زیندانی هەمەدان لە سێدارە دراون. ـ فەرهاد سەلیمی، زیندانیی مەزهەبیی کورد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەنداندا (٢٣ی ژانڤییە) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا. ئەم هاووڵاتییە دوای قۆناغێکی دوورودرێژی لێپرسینەوە کە لەگەڵ ئەشکەنجەدا بوو، لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی سوننەی کوردی دیکە و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو. پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار، لە ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) بە تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران. ئەم زیندانییە سیاسییانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە ١ی گەلاوێژی ١٤٠١دا (٢٣ی جولایی ٢٠٢٢) تا ڕۆژێک پێش لەسێدارەدان لە مافی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەدا بێبەش کرابوون. لە پرۆسەی دادوەرییشدا مۆڵەتی دیدارکردن، ئامادەبوون لە دادگادا و وەرگرتن و خوێندنەوەی دۆسیەکە بە پارێزەرە دیاریکراوەکەیان نەدرا و تەنانەت دیار نەبوو لە کام زیندانیشدا ڕاگیراون.

  • ڕوونکردنەوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە هۆی گرنگایەتیی پرەنسیبی «مافی ژیان»ـەوە، لە بڵاوکردنەوە و تۆمارکردنی هەواڵ و ئاماری لەسێدارەدانەکاندا، بەدەر لە گرێدراویی نەتەوەیی لەسێدارەدراوان و شوێنی لەسێدارەدانیان، هەموو ئەو حاڵەتانەی کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە پێی ڕادەگەیەنرێت، دوای لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە بڵاو دەکاتەوە.

سەپاندنی سزا لانیکەم ١٢ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی، کەیفەری و دیوانی باڵای ئێرانەوە لە پارێزگاکانی تاران، سنە، ورمێ و ئیلام بە تۆمەتی سیاسی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان، بەندکران، قامچی، سزای پارە و… بوونەتەوە یاخود سزای سەپێنراوی پێشوویان پەسەند کراوە.

سزای لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد یووسف ئەحمەدی کە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا و «بەشداریکردن لە کوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا» بەسەریدا سەپابوو، وەک خۆی لە دیوانی باڵای ئێراندا پەسەند کرایەوە.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی ٤٥ ساڵانی کورد کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) و پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکوانی کورد، کە لە ٦ مانگ لەمەوپێشەوە دەستبەسەر کراون، لە دوو دۆسیەی جیاوازدا تۆمەتی «بەغی»یان ڕووبەڕوو کرایەوە. ئەمەیش بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییانەدا.

دەستبەسەرکردن لانیکەم ٥٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنه و کرماشان بە تۆمەتی سیاسی و مەزهەبی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زۆربەی ئەم دەستبەسەرکراوانە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. ٨ کەسیشیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.

تەقینەوەی مین لە ڕۆژانی ١٧ و ٢٠ی ڕێبەنداندا (٦ و ٩ی فێبرییە) تەقینەوەی مینی چێندراوی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق لە شاری گێڵانی ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی ٣ کەسی تر. یەک لە برینداران بە ناوی ئیرەج مەحموودی بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەنداندا (١٢ی فێبرییە) گیانی لە دەست دا.

کرێکاران لانیکەم ٤ کرێکار لە شارەکانی ورمێ، مەهاباد و کرماشان بە ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

مانگرتنی بەندکراوان محەممەد خودکام، زیندانیی تۆمەتبار بە «گواستنەوە و هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر» لە ڕۆژی ٢ی بەفرانبارەوە (٢٣ی دیسامبەری ٢٠٢٣) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرکردنی سزای قورسی بەندکران و سزای پارەدا لە زیندانی بۆکان مانی لە خواردن گرتووە، ئەم بەندکراوە لەم ماوەیەدا سێ جار لەسەر خۆ چووە و گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان و چەندین جاریش ڕەوانەی نەخۆشخانەکەی زیندان کراوە و هەموو جار دوای وەرگرتنی کانولە (سیرۆم) گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەند. بەڵام تا ئێستە ئامادە نەبووە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت.

داواکاریی ئەم هاوووڵاتییە بەڕێوەبردنی دادگایەکی دادپەروەرانەیە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی و دادگای بۆکان تا ئێستا ئامادە نەبوون هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە هەڵبگرن. محەممەد خودکام لە ڕۆژی ٣ی بەفرانبارەوە (٢٤ی دیسامبەری ٢٠٢٣) بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە و دیداری بنەماڵەیشی لێ قەدەغە کراوە.

ئازادیی ئایین دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ مامۆستا محەممەد خزرنژاد، دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران گوشارەکانیان بۆ سەر چالاکان و مامۆستایانی ئایینیی کوردستان زیاد کردووە. لە کۆتایی ڕێبەنداندا هێزە ئەمنییەکان لە شاری بۆکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سێ چالاکی ئایینیی کورد بە ناوەکانی مەحیەدین محەممەدزادە، کەریم نەورۆزی و فارووق حسەینی و وێڕای پشکنینی ماڵەکانیان، دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی وەک کتێب، مۆبایل و لەبتابەکانی خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەکانیاندا گرت.

خۆکوشتن بە هۆی گوشاری ئەمنییەوە محەممەدکومەیل زەندخانی، لاوی ١٨ ساڵانی خەڵکی ئیلام کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دوو جار دەستبەسەر کرابوو، دوای ئاگاداربوونەوە لە سەپاندنی سزای ١٣ ساڵ بەندکران و لەژێر هەڕەشەی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا، ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ (٨ی فێبرییە) لە ماڵەکەی خۆیانەوە کە لە بینایەکی شەش نهۆمدا بوو، خۆی هەڵدایە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە