هەواڵ

وەرزش‌کردن کاریگەریی ئەرێنی زیاتری لەسەر ژنان هەیە

ئەگەر دەتەوێت زیاتر بژیت پێویستە بە بەردەوامی وەرزش بکەیت. بەڵام چ ماوەیەک پێویستە بۆ وەرزشکردن لە هەفتەیەکدا؟ بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ ژنان و پیاوان جیاوازە.

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، ژنان بە بەراوردی پیاوان پێویستیان بە وەرزشکردنی کەمترە بۆ ئەوەی سوودی زیاتر وەربگرن. ئەمەش دەرئەنجامی توێژینەوەیەکی ئەمریکی-چینییە کە داتای زیاتر لە چوار سەد هەزار کەسی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠١٩ بەکارهێناوە و شیکاری بۆ کردوون.

ئەگەر پیاوان هەفتانە نزیکەی ٣٠٠ خولەک وەرزش بکەن، ئەوا دەگەنە زۆرترین ڕادەی تەمەن. بەڵام ژنان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە تەنها پێویستیان بە ١٤٠ خولەک وەرزش لە ماوەی هەفتەکەدا هەیە. ئەمەش لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی هاوبەشی سەنتەری پزیشکی سیدارس-سینای لە شاری لۆس‌ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا و زانکۆی سینگوا لە چین دەرکەوتووە کە لە "گۆڤاری ئەمریکی کۆلێژی دڵ و خوێنبەرەکان"دا بڵاوکراوەتەوە.

بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی "دڵ و خوێنبەرەکان" بە وەرزشکردن

توێژەرانی ئەم لێکۆڵینەوەیە ویستوویانە بزانن وەرزش چ کاریگەرییەکی لەسەر تەندروستی هەیە و داتای داتابەیسێکی سەرتاسەری بە ناوی "ڕاپرسی چاوپێکەوتنی تەندروستی نیشتمانی"یان بەکارهێناوە. بەو پێیە ئەوان داتاکانی ٤١٢ هەزار و ٤١٣ کەسی گەورەساڵیان هەڵبژاردووە کە ٥٥ لەسەدیان ژنان بوون. ئەم کەسانە زانیارییان بە بەکارهێنانی پرسیارنامەیەک سەبارەت بە جۆر و بڕی چالاکییە وەرزشییەکانیان لە هەفتەیەکدا، زانیاریان پێشکەش کردووە.

لە ماوەی توێژینەوەکەدا کە زیاتر لە ٢٠ ساڵی خایاندووە، نزیکەی ٤٠ هەزار بەشداربوو گیانیان لەدەستداوە کە هۆکاری گیان‌لەدەستدانی ١١ هەزار و ٧٦٠ کەسیان بە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە بووە. دواتر توێژەران دیارییان کرد کە ئەگەری مردن لە ڕێگەی وەرزشەوە چەندە کەم دەبێتەوە.

ئەنجامەکەی سەرسوڕهێنەر بوو: بە بەراورد بەو کەسانەی وەرزشیان نەدەکرد، وەرزشی بەردەوام، مەترسی مردن بۆ پیاوان ١٥ لەسەد و بۆ ژنان ٢٤ لەسەد کەمکردەوە.

هەروەها لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیەدا سەلمێندرا کە چالاکیی وەرزشی بەردەوام، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانی کەمکردووەتەوە بە ڕێژەی ١٤ لەسەد بۆ پیاوان و ٣٦ لەسەد بۆ ژنان. هەروەها بۆ ئەو کەسانەی وەرزشی تایبەت بە ماسولکە دروست‌کردن دەکەن، ئەنجامە کە هەر ئەوەبوو.

بەڵام ڕاهێنانی "بەهێزی" ئەگەری مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە ڕێژەی ١١ لەسەد لە پیاوان و ٣٠ لەسەد لە ژناندا کەمدەکاتەوە.

کاریگەریی گەورە لەگەڵ یەک کاتژمێر وەرزشکردن لە هەفتەیەکدا کاتێک پیاوان بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕێک بۆ ماوەی ١١٠ خولەک لە هەفتەیەکدا وەرزشیان دەکرد، ئەگەری مردنیان بە ڕێژەی ١٩ لەسەد کەم بووە. خاڵی سەرنج‌ڕاکێش ئەوەیە کە ژنان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە تەنیا ٥٧ خولەک وەرزشیان لە هەفتەیەکدا پێویستە.

یەکێک لە توێژەرانی ئەم توێژینەوەیە سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: "سەرسوڕمانی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە بۆمان دەرکەوت وەرزشکردن کاریگەری خێراتر و زیاتری لەسەر ژنان هەیە".

زاناکان هیوادارن ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە هانی زیاتری ژنان بدات بۆ چالاکی جەستەیی، چوونکە وەرزش لە کاتێکی کەمتردا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژنان دادەنێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە