هەواڵ

پەیامی پیرۆزبایی فەرماندەیی نەپەگە بۆ ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید دۆغا ڤیان

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، نەپەگە، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرجەم فەرماندە و شەڕڤانانی بەشداربووی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید "دۆغا ڤیان" کرد. نەپەگە ئەو ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەی، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ساڵڕۆژی پیلانگێڕیی نیودەوڵەتیی ١٥ی فێبرییە بە ئەنجام گەیشتووە، وە "ئەستێرەیەکی پرشنگداری مێژووی گەلی کورد" و هەروەها "وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو پیلانگێڕییە" ناو بردووە.

ڕۆژی ١٧ی فێبرییە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی "دۆغا ڤیان" لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە لەدژی مۆڵگەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا ئەنجام درا. لەو ئۆپەراسیۆنەدا وەک ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕایگەیاندووە، ٣٧ داگیرکەر کوژران، دەست بەسەر دەیان چەک و کەرەستەی سەربازییدا گیرا و گردەکە بە تەواوی لە داگیرکەران پاک کرایەوە.

نەپەپەگە لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا تەئکیدی کردۆتەوە کە ئەو ئۆپەراسیۆنە "جارێکی دیکە نیشانی دا کە گەریلاکانی ئازادی ئاپۆیی دەتوانن بچنە هەر شوێنێک و ئازادی بکەن، هیچ شتێک ناتوانێت بیانوەستێنێت و ڕێگرییان لێ بکات."

دەقی پەیامەکەی نەپەگە بەم شێوەیەیە:

لە ١٧ـی شوباتدا، لەئەنجامی ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕانە لەسەر بارەگای سووپای داگیرکەری تورکیا لە ناوچەی بەرخۆدانی شاخی جودی لە زاپ، بارەگای دوژمن بە تەواوی تێکشکێندرا و دەستی بەسەردا گیرا. ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕانەی شەهید دۆغا ڤیان کە ئێوە بە ڕۆحێکی بەرزی هێرشبەرانە و بە ئازایەتی و چالاکی و شارەزایی لە تاکتیک و داهێنان و پراکتیکی پیشەیی ئەنجامتان دا، گورزێکی لە سوپای داگیرکەری تورکیا دا.

لە بارەگای دوژمندا ٣٧ سەربازی داگیرکەر لە ناویاندا فەرماندەی پلە باڵا و فەرماندەی ئاستی خوارەوە سزا دران. دەیان چەک و کەرەستەی سەربازیی دەستی بەسەردا گیرا، سەرەڕای ئەمەش هەموو شتێکی ناو بارەگای دوژمن سووتێندرا و وێران بوو. هەروەها ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕانەی شەهید دۆغا ڤیان بوو بە ئەستێرەیەکی پرشنگداری مێژووی گەلی کورد.

لە ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیدا، جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕانەی وەها سەرکەوتووانە، زۆر گرنگ و وەڵامدانەوەی لە کاتی خۆیدا بوو. ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕانەی ئێوە کە ئاستی سەرکەوتنی زۆر بەرز بوو، جارێکی تر نیشانی دا کە گەریلاکانی ئازادی ئاپۆیی دەتوانن بچنە هەر شوێنێک و ئازادی بکەن. هیچ شتێک ناتوانێ بیانوەستێنێت و ڕێگرییان لێ بکات.

پیرۆزبایی لە هەموو ئەو فەرماندە و شەڕڤانانە دەکەین کە بە دڵسۆزییەکی زۆرەوە بۆ ڕێبەر ئاپۆ و هێڵی ئاپۆیی، بە ڕۆحی فیدای ئاپۆیی، بە زیرەکی، تاکتیک، پلاندانان، ئارامی و شارەزایی گەورە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید دۆغا ڤیانیان ئەنجامدا. ئێمە لە دڵەوە باوەڕمان وایە کە ئێوە لە تاکتیکەکاندا قووڵتر دەبنەوە، هێندەی تر لێهاتووتر دەبن لە داهێنان و سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست دەهێنن.

هەرچەندە ئێوە ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕانەی کاریگەر و سەرکەوتووتان ئەنجام دا و بارەگای دوژمنتان داگیرکرد، بەڵام سوپای فاشیستی تورکیا و میدیای شەڕی تایبەتی ڕژێمی فاشیست هەوڵیان دا ئەم شکستە مێژووییە لە هەموو لایەک بشارنەوە. هەرچەندە ٣٧ کوژراوایان هەبوو، بەڵام تەنها یەکێکیان ئاشکرا کرد. وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت، خۆیانیان کردە کوێر و داماو و کەڕ. ئەم ڕێبازەی سوپای داگیرکەر و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە نیشان دەدات کە چەندە لاواز و تەنگەتاو بووە. ناتوانێت خۆی دان بەوەدا بنێت و نە دەتوانێت بۆ ڕای گشتی ئاشکرای بکات.

هەرچەندە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ڕژێمی فاشیستی و میدیای شەڕی تایبەتی خۆی، بەو جۆرە نزیک دەبنەوە و هەوڵی شاردنەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییە دەدەن کە ئێوەی هەڤاڵانی ئازیز بە هەوڵێکی زۆرەوە بە بەڵگەوە تۆمارتان کردووە، بەڵام هەموو ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن. ئەوکات هەمووان باشتر لەوە تێدەگەن کە هەزار درۆ لەبەردەم یەک حەقیقەتدا شکست دەهێنێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە