هەواڵ

ئۆکراینا دەڵێت ٩ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهیدی ئێرانیی لەناو بردووە

ڕۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوە (٢٩ی مارس)، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا، خستنەخوارەوەی ٩ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی ئێرانی لە جۆری شاهیدی لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەم وڵاتە ڕاگەیاند. میدیاکانی ئۆکرانیا بڵاویان کردۆتەوە کە ڕووسیا بە گشتی ١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە نیمچە دورگەی کریمییەوە ئاراستەی ئامانجەکانی لە ئۆکراینا کردووە.

میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی باس لەوە دەکەن کە ڕووسیا لە سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٢٢ەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی لە جۆری شاهید، لە ئێران کڕیوە و بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانی ئۆکراینا کەڵکی لێ وەردەگرێت.

شارەزایانی سەربازی دەڵێن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید چەکێکی هەرزانە، بەڵام کاریگەرە و زۆر جار بۆ لێدانی ژێرخانی کەرتی گشتیی و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و هەروەها لەناوبردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەکار دەهێنرێت.

لە سەرەتادا ڕێژیمی ئێران ڕەتی دەکردەوە پشتیوانیی سەربازی بۆ یەکێک لە لایەنە بەشدارەکانی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بکات، بەڵام دواتر دانی بەوەدا نا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنۆلۆژیای بەرهەمهێنانی بۆ ڕووسیا دابین کردووە.

شارەزایانی کاروباری سەربازی باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بواری دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا پێشکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە. ئەم بابەتەتە نیگەرانیی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و گەلانی بندەست لە ئێران، بە تایبەتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.

ڕژیمی ئێران چەندین جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی لەدژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکارهێناوە.

لە شەڕی ئەم دواییەی غەزەشدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بووەتە جێی باس. دەگوترێت حوسییەکانی یەمەن و گرووپە میلیشیا شیعەکان لە عێراق و سووریا و لوبنان چەندین جار بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، پێگەی هێزەکانی ئیسرائیل و سوپای ئەمریکایان لە ناوچەکە کردۆتە ئامانج.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە