هەواڵ

پیرەمێردەکەی جۆلەمێرگ؛ دا بڵێ بزانم، تۆ خەڵکی کوێی؟

ئەم ڕۆژانە وێنەی پیرەمێردێک خەڵکی شاری جۆلەمێرگ کە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، لە بنکەیەکی دەنگدانی ئەو شارە لە بەرامبەر چەکدارانی سەر بە دەوڵەت هەڵوێستی نواندبوو، وەکوو "مێم"ێک لەسەر پلاتفۆرمەکانی فەزای مەجازی دەستاودەستی پێدەکرێت. ئێستا ئەو "مێم"ە بووەتە سیمبۆلێکی بەرەنگاری لە بەرامبەر فاشیسم و داگیرکاری.

ڕۆژی ٣١ی مارس‌ لە کاتی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکاندا، ڕژیمی تورکیا زیاتر لە ٦ هەزار سەربازی بۆ ناوەندی شاری جۆلەمێرگ ڕاگواست بۆ ئەوەی دەنگ بدەنە پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە بدەن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ئەو ڕۆژە بڵاو کرایەوە، پیرەمێردێک دەبیندرێت کە لە بەردەم یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی ئەو شارەدا وەستاوە و لە یەکە بە یەکەی ئەو سەربازانە دەپرسێت: "دا ‌بڵێ بزانم، تۆ خەڵکی کوێی؟".

ئێستا وێنەی پیرەمێردەکەی جۆلەمێرگ و گوتەکەی "دا بڵێ بزانم تۆ خەڵکی کوێی؟"، بووەتە ڕەمزی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و دژایەتیی بەرپرسانی ناخۆجێی و هاوردەی دەستەڵات بۆ سەر خاکی کوردستان.

دوای ئەوەی دادگای تورکیا مافی شارەداربوونی "عەبدوڵڵا زەیدان" بەربژێری براوەی دەمپارتیی بەتاڵ کردەوە، گەلی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بەشێوەیەکی مێژوویی و جەماوەری ڕاپەڕین.

زۆرێک لە خەڵکی ناڕازی وێنە و گوتەکەی پیرەمێردەکەی جۆلەمێرگیان لەسەر پۆستر و تراکتەکان نووسیبوو و بەو شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە بڕیاری سیاسی و نایاسایی دادگای تورکیا و بەربژێرە دەستنیشانکراوەکەی ئاکەپە نیشان‌ دەدا.

هەروەها ڕۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلێتیکا کە ڕووداوەکانی باکووری کوردستان ڕوماڵ دەکات، لە ژمارەی ڕۆژی ٢ ئاپریلدا ئەو وتەیەی پێرەمێردەکەی جۆلەمێرگی کردە مانشێتی ڕۆژنامەکە.

بەشێک لە هاوڵاتیانی باکوری کوردستانیش لەسەر کووپی قاووە و تیشێرتەکانیان وێنەی پیرەمێردەکەی جۆلەمێرگ و گوتەکەیان لە چاپ داوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە