هەواڵ

دانیشتنی دادگای وریشە مورادی دواخرا

دانیشتنی دادگای وریشە مورادی، زیندانیی سیاسی و چالاکی مافی ژنان کە بڕیار بوو ڕۆژی سێشەممە لە دادگای رژیمی ئێران لە تاران بەڕێوەبچێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی دادوەرەوە دواخرا بۆ کاتێکی تر.

بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، پێشتر لقی ١٥ی دادگای رژیم لە تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، بە پارێزەرانی زیندانیی سیاسی و چالاکی مافی ژنان، وریشە مورادیی ڕاگەیاندبوو کە ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە، دادگاییەکەی بەڕێوەدەچێت.

دوای ناردنی ئەو زیندانییە سیاسییە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای رژێم لە تاران و ئامادەبوونی پارێزەرەکانی، ئەو دادوەرە ڕایگەیاند، کە بەهۆی ئامادەنەبوونی دادوەری دووهەمی دادگاکەوە، دانیشتنی دادگاییەکە بۆ کاتێکی تر دوا دەخرێت.

پێشتر تۆمەتی بەغی، ڕووبەڕووی وریشە مورادی کراوەتەوە. ئەو زیندانییە سیاسییە لەکاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا کاتی دەرکردنی سزانامە و ڕەوانەکردنی دۆسیەکەی بۆ دادگا، لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو.

وریشە مورادی ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا.

وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا، گواسترایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئەڤین.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە