هەواڵ

ژنە فەرماندەیەکی کورد لە درامایەکی نوێی نێت‌فلیکس‌دا

ژنە فەرماندەیەکی کورد کە فەرماندەی رزگارکردنی رەققەیە، وەک پاڵەوانێک دەخرێتە ناو یەکێک لە پڕبینەرترین دراماکانی ئەمساڵی نێت‌فلیکس.

زنجیرە درامایەک بەناوی (The three body problem) واتە "سێ گرفتەکەی جەستە" و "لیو سیکسین" نووسەری چینی، کە نووسەرێکی ڕۆمانە زانستە خەیاڵییەکان، نووسیویەتی.

لە دراماکەدا جیهان و مرۆڤایەتی لەلایەن بوونەوەری هەسارەکانی تری گەردوونەوە رووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون دەبنەوە.

زانایان لە پووچەڵکردنەوەی ئەم مەترسییە شکست دەهێنن. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی رزگارکردنی مرۆڤایەتی دەگرێتە ئەستۆ.

بۆ ئەو مەبەستە سکرتێریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سێ پاڵەوان هەڵدەبژێرێت بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی.

یەکەم پاڵەوان پڕۆفیسۆرێکی چینییە کە پسپۆڕە لە مێژووی جەنگەکاندا.

دووەم پاڵەوان، ژنە شەڕڤانێکی کوردە، بەناوی لەیلا ئاریچ، کە فەرماندەی شەڕی رزگارکردنی رەققەی پایتەختی داعشی بووە.

سێیەم پاڵەوانیش زانایەکی بەریتانییە کە پسپۆڕە لە بواری فیزیک.

دوو پاڵەوانە بییانییەکە پیاون و کوردەکەش ژنە شەڕڤانێکە. ئەمەش مانا و مەغزای هەم قووڵ و هەم سیمبۆلیکی هەیە.

لە دراماکەدا، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوا پاڵەوانە کوردەکە پێشکەش دەکات: "خانمی ئاریچ لەجەنگی دژی داعش لە رەققە ناوبانگی دەرکردووە و ئەزموونێکی ناوازەی لە بردنەوەی جەنگی نا هاوسەنگدا هەیە."

گرنگتر لەوە، لەیلا ئارنیچ بە جل‌وبەرگی گەریلا دەچێتە سەر سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان.

نووسەر لە سەر زاری دوو کاراکتەری دیکەی ناو دراماکە، زیاتر ئەم پاڵەوانە کوردەمان پێدەناسێنێت کە ئەرکی رزگارکردنی مرۆڤایەتی خراوەتە سەر شانی.

کارەکتەرێکییان دەڵێت ئەو ژنە ژەنەڕاڵە خاوەن ئەزموونێکی گەورەی جەنگە. ئەوی دیکەشییان دەڵێت ژنە پاڵەوانێکی کوردە.

ئەو ژنە پاڵەوانە کوردە کێیە…؟

ئەگەر هەموو شتێکی ناو ئەم فلیمەی وێرژنی خەیاڵی زانستی، خەیاڵ بێت، ئەوا پاڵەوانە کوردەکەی ناو دراماکە خەیاڵ نییە و کاراکتەرێکی واقیعییە.

پاڵەوانەکە رۆژدا فەلاتە.

رۆژدا فەلات کێیە..؟

رۆژدا فەلاتی تەمەن ٤٤ ساڵان کچی قاميشلۆیە و ئەدەبیاتی زمانی عەرەبی لە زانکۆی حەسەکە خوێندووە.

یەکێکە لەو یەکەمین ژنانەی کە لەسەرەتای شۆڕشی رۆژاڤا پەیوەندیی بە یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە، کردووە.

رۆژدا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٢-٢٠١٣ لە شەڕی رزگاری حەسەکەدا بەشداری کردووە.

رۆژدا لە جەنگی کۆبانی و لە بەرەی مشتەنوور بەشدار بووە. بەرپرسی ئەو یەکینەیە بووە کە ئارین میرکانی ئەفسانەیی خۆی بە تانکی داعشدا تەقاندەوە.

لە جەنگەکانی رزگاریی شەدادی، تل‌حەمیس، گرێسپی، منبج و تەبقەدا رۆڵی کاریگەری هەبووە.

رۆژدا لە جەنگی رزگاریی رەققەدا دەبێتە فەرماندەی ١٥ هەزار شەڕڤان و بە فەرماندەیی ئەو، پایتەختی تاریکی و مۆڵگەی دڕندەترین کائینی ئەم سەردەمە رزگار کرا.

رۆڵی قارەمانانە و مەزن و سەرکەوتووی رۆژدا لە رزگاری رەققەی پایتەختی خەلافەتی داعشدا بووە جێگەی سەرسامیی چاودێران لە سەرتاپای جیهان.

فیلمی دۆکومێنتاریی "من شۆڕشم" کە دەرهێنەری ئیتاڵی "بینیدیتا ئارگێنتەر" بەرهەمی هێناوە، چیرۆکی سێ ژن دەگێڕێتەوە کە لە سێ وڵاتدا رۆڵی فەرماندەیی دەبینن. یەکێک لەو سێ ژنە رۆژدایە، کە لە فلیمەکەدا بە پۆشاکی یەکینەکانی پاراستنی ژنەوە دەردەکەوێت.

لە درامای سێ گرفتەکەی جەستەدا، "سالەم مۆرفی" ئەکتەری ئەمریکایی بە رەگەز سووری، رۆڵی لەیلا ئارنیچ دەبینێت. دراماکە لە نێت‌فلیکس، پەخش دەکرێت و تا ئێستا ریکۆردێکی باشی لە ژمارەی بینەراندا تۆمار کردووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە