هەواڵ

سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنیە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژران

لە هێرشی فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی سوپای ئیسرائیلدا بۆسەر ئۆتۆمبیلێک لە کەرتی غەزە سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی باڵی سیاسیی گرووپی حەماس کوژراون.

کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەل‌ئەقسای سەر بە گرووپی حەماس دوانیوەڕۆی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە سێ لە کوڕەکانی ئیسماعیل هەنیە بە ناوەکانی حازم، عامر و محەمەد لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆسەر ئۆتۆمبیلەکەیان لە نزیک ئوردوگای ئاوارەکانی ناوچەی "شاتی" لە کەرتی غەزە کوژراون.

ئیسماعیل هەنیە خۆی لەدایکبووی ئوردوگای شاتییە.

لەو هێرشەدا هەروەها کچێکی "حازم" و کوڕ و کچێکی "عامر"یش کوژراون.

بنەماڵەی هەنیە بەو ئۆتۆمبیلە بەنیاز بوون بەرەو ڕۆژئاوای شاری غەزە بچن کە بە ئامانج گیراون. ئیسماعیل هەنیە کە لە قەتەر دادەنیشێت، کوژرانی کوڕ و نەوەکانی پشتڕاست کردەوە و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە "ڕێز لە هیچ ڕێسا و پێوەر و یاسایایەک ناگرێت."

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە ڕۆژنامەی حائارێستی ئەو وڵاتەی گوتووە کە لەوانەیە کوژرانی ئەندامانی بنەماڵەی هەنیە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو ڕێکەوتنە دابنێت کە باسی ئەوە دەکرا بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکانی دەستی حەماس باسی بێتە ئاراوە.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل کاتژمێرێک دوای هێرشەکە، لە بەیاننامەیەکدا بە ئامانج‌گرتنی کوڕەکانی ئیسماعیل هەنیەی پشتڕاست کردەوە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە