هەواڵ

کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک و هەڵوەستەیەک

ئارام کەریم ئەندامی مەجلیسی پاری ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک، لە وتارێکدا تیشکی خستۆتە سەر بەڕێوەچوونی کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک لەم هەلومەرجەی ئێستا و ئەو ئامانجانەی لەو کۆنگرەیەدا جەختی لەسەر کراوەتەوە.

ئەندامی مەجلیسی پەژاک لە بەشێک لە وتارەکەیدا کە لە نوێترین ژمارەی گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ، ئۆرگانی فەرمیی پەژاک، بڵاو کراوەتەوە بە ئاماژەدان بە درووشمی کۆنگرەی حەوتەم کە "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی کوردستان ئازاد دەکەین و نەتەوەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین"، نووسیویەتی: "پەژاک لەبەرامبەر بەسەرخستنی ئامانجەكانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەئەركی خۆی دەزانێت دەستەوەستان نەمێنێت و هەموو هەوڵەكانی بخاتەگەڕ."

ئارام کەریم لەو سۆنگەیەوە بەبیری هێناوەتەوە کە "پەژاک، خاوەن پرۆژەی نەتەوەی دیموكراتیک و خۆسەری دیموكراتیک و كۆنفدراڵیزمی دیموكراتیكە" و لەسەر ئەو بنەمایەش "خۆی بەرامبەر بە ناسنامە و شوناسی گەلی كورد، بەتایبەت رۆژهەڵاتی كوردستان و بەرامبەر بە چارەنووسی گەلان و پێكهاتەكانی تری ئێران"، بە بەپرسیار دەزانێت.

دەقی وتارەکەی ئارام کەریم ئەندامی مجەلیسی پەژاک کە لە نوێترین ژمارەی گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ، ئۆرگانی فەرمیی ئەو حزبەدا بڵاو کراوەتەوە، بەمشێوەیە:

کۆنگرەی حەوتەمی پەژاک و هەڵوەستەیەک

كۆنگرەی حەوتەمینی پەژاک بە درووشمی؛ “بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی كوردستان ئازاد دەكەین و نەتەوەی دیموكراتیك بونیاد دەنێین”، لەكاتێكدا پێكهات كە سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری دەیەوێت بەگوشار و رێكارگەلی جیاواز لەوانە سیاسی، ئابوری، سەربازی، چاندی و دیبلۆماسی ئەو هێز و وڵات و گروپ و ئەتنیكانەی خۆڕاگرن و تەسلیم و ملكەچی ئەو زیهنیەت و سیستەمە نابن، بەچۆكدا بهێنێت.

بۆ سەركەوتنی ئامانجەكانیان یەک لەو رێبازانەی بەكاری دەهێنن، خولقاندنی زەمینەی دەستوەردان و هەڵگیرساندنی شەڕ و بەرفراوانكردنی ئاڵۆزییە. شەڕی نێوان لایەنگرانی ناتۆ و ئەمریكا و ئەورووپا لەلایەک و لایەنگرانی رووسیا، چین، ئێران لەلایەکی دیکە هەرچی دەچێت پەرەدەستێنێت و لەونێوەندەدا كۆمەڵگەكان و گەلان دەبنە قوربانیی سەرەكیی ئەو شەڕ و ناكۆكیانە.

بەتایبەت شەڕی ئۆكرانیا و روسیا دوای دووساڵ شەڕی نێوانیان بەدەر لەماڵوێرانی و كۆمەڵكوژی و كۆچبەری و برسیەتی و نەخۆشی هیچ شتێكیتری بەدوادا نەبووە. شەڕی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل كە ماوەی پێنج بۆ شەش مانگە دەستی پێكردوە بەهەمانشێوە، كودەتاكانی زۆربەی وڵاتانی ئەفریقای باشور لەو جۆرەیە و هەرچی دەچێت، ئەو هێزانە دەیانەوێت لەزۆر شوێنی تردا بەو نزیكبوون و هەڵوەستانەیان ئاڵۆزی و گێرەشێوێنی بنێنەوە و گەلان بەردەنە گیانی یەكتر. لەلایەكی تر لەنێوخۆی ئێراندا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەئارادایە و دۆخی رژێمی ئێران لەو وڵاتە تووشی نەخۆشی نێوخۆیی هاتووە و بگرە لەوانەی باسمان كرد خراپترە.

هەرچەندە رژێمی داگیركەری ئێران لەكۆتاییەكانی ساڵی رابردوو بە هەڵبژاردنێكی فۆرمالیتەی پەرلەمانی و ئەنجوومەنی شارەزایان ویستی ئەو پەیامە بداتە هێزەكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری كە گەلان و پێكهاتەكانی ئێران بەدەنگەكانیان رەوایەتیان بەرژێم بەخشیوەتەوە، بەڵام لەراستیدا وەك ئەوەی رژێم پروپاگەندەی بۆ كرد كە گوایە ٤١ لەسەدی گەل بەشداری دەنگدان بوونە، بەپێی داتا بڵاوكراوەكان لەمەدیا وكاناڵەكانی تردا دەردەكەوێت كە شتێكی وا نییە و بگرە لە سەدا بیستی خەڵكی ئێران دەنگیان بەو رژێمە زیاتر نەداوە و ئەو رژێمە بەلای گەلانی ئێرانەوە ئیدی رەوایەتی خۆی لەدەست داوە و بەهیچ شێوەیەک گەلانی ئێران رژێمی فاشیستی دینی ـ مەزهەبی پەسەند ناكەن.

لەلایەكی ترەوە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەشێوە و فۆرمی جیاوازتر پەرە بەبەردەوامی خۆی دەدات و بەتێپەڕبوونی كات، گەلان لەمەوبەدوا زیاتر و بێزارتر و تووڕەتر بڕژێنەوە سەر شەقام و كوچە و كۆڵانەكان و رژێمیش ناتوانێت خۆی لەبەردەم شەپۆلی زیاتری ناڕەزایەتیەكانی گەل رابگرێت، چونكە ئەوانەی لەگۆڕەپانەكاندا خوێن و رەنجیان داوە، بەئاسانی دەست هەڵناگرن و پاشگەز نابنەوە و بۆ دواوە ناگەڕێنەوە.

خاڵێكی تر كە دەبێت راوەستەی لەسەر بكرێت، پەیوەندییەكانی رژێمی ئێرانە لەگەڵ هەردوو بەرەی شەڕەكەدا. لەلایەک دەیەوێت ئەمریكا و ئەوروپا و ناتۆ و نەتەوە یەكگرتووەكان رازی بكات و دەیەوێت بە ڕێگەی بەرتیل و سازشت و سەفەقەی سیاسی لە چارەسەركردنی كێشەكانی دەرەوەی بگاتە رێككەوتن، بەڵام سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ ئەوەی ئیمپراتۆریەتی جیهانی خۆی بونیادبنێت و خۆی وەك تاكە هێزی جیهانی نیشان بدات، لەبەرامبەر بە رژێمی ئێران بەم زووانە ناچێتە رێككەوتنێكی ستراتیژیكەوە.

واتا رژێمی ئێران نە دەتوانێت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لەگەل روسیا و چین بەردەوام بێت و نە دەتوانێت لەگەل ئەمریكا و ئەوروپا و ناتۆ درێژە بەسیاسەتەكانی خۆی بدات. لەئاستی هەرێمیش دا پەیوەندییەكانی ئێران لەگەل دەوڵەتی تورك و سوریا و عێراق هەرچی دەچێت دەچێتە فازێكی تر و پەل بۆ ململانێیەكی ناوچەیی دەكێشێت. بۆیەش رژێمی ئێران لەدۆخێكی شڵەژاو و ناسەقامگیریی نێوخۆیی و دەرەكیدا دەژی، نە ئەوەتا مل بۆ چارەسەری پرسە نێوخۆییەكانی بدات و نە ئەوەتا سیاسەتێكی هاوسەنگ كە بەرژەوەندیەكانی گەلانی ئێران بپارێزێت لەگەڵ وڵاتانی تردا پەیڕەو دەكات.

رژێمی داگیركەری ئێران بەهۆی نزیكبوونەوەی دەسەڵاتخوازی و پاشڤەڕۆیانە ودیكتاتۆرانە و رەگەزگەرایی و دین پەرستی و مەزهەبگەرایی، یاری بەژیانی گەلان و پێكهاتەكان دەكات وكۆمەڵگەش رۆژبەرۆژ لەبێهیوایی و بێ ئومێدیدا دەخنكێنێت. بەشێوەیەكی كۆنكرێت، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری خاوەن پرۆژەیەك نییە كە بەرژەوەندییەكانی گەلان بپارێزن و تەنیا دەیانەوێت ئاگری شەڕ و تێكبەردان و قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان پەرە پێ بدەن و شتێكی جیاوازیان لەئەجێندایا نییە.

لەلایەكی تر هەرچوار دەوڵەتی داگیركەری سەر كوردستان، بەتایبەتی دەوڵەتانی داگیركەری تورکیا و رژیمی ئێران نایانەوێت لەبابەتی چارەسەریی پرسی كورددا هەنگاوێک بەئاراستەی چارەسەری دیموكراتیك هەڵێنن. بەپێچەوانەوە دەوڵەتی داگیركەری تورکیا لەهەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانەتییەكی نێودەوڵەتی و هەرێمی‌دایە لەبەرامبەر بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و هەموو هەل و دەرفەت و دەرەتانێک بەكاردەبات بۆ لەناوبردن و پاكتاوكردنی بزووتنەوەی ئازادی گەلی كوردستان.

ئەمەش نیشانەی بەردەوامی پیلانگێڕیەكی قووڵە كە سەرێكی پیلانگێڕیەكە دەگاتە سیستەمی ئیمراڵی كە رێبەر ئاپۆی تێدا گۆشەگیركراوە و ئەو سەرەكەی دیكەشی دەگاتەوە چیاكانی كوردستان بۆ پەلاماردانی هێزەكانی گەریلای ئازادی كوردستان.

لەم چەند ساڵەی دواییدا بەپێشەنگایەتیی دەوڵەتی داگیركەری تورکیا و سیخوڕی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەناوچەكە، دەوڵەتە سەردەست و داگیركەرەكانی سەر كوردستانی لەبەرەیەكی دژە كورددا راگرتووە و دەیانەوێت هاوشێوەی رابردوو بەردەوامی بەسیاسەتی كۆمەڵكوژی و كۆچبەری و برسێتی و توانەوەی گەلی كورد بدەن، ئەوەشی جێگەی سەرسووڕمانە، وڵاتە زلهێزە جیهانیەكانیش كە دووسەد ساڵە بە بونیادنانی دەوڵەت ـ نەتەوەی سەرمایەداری لەناوچەكە بوونەتە سەرئێشە و بەڵا بەسەر گەلانی ناوچەكەوە، بەردەوامن لەیارمەتیدان و هاوكاری دەوڵەتە ستاتۆپارێزەكان لەناوچەكە، ئەمەش لەسەدەی بیست و یەكەمدا جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە كردنە، بەوەش دۆخێكی مەترسیدار و قەیراناوی لەناوچەكە و لەكوردستان هاتووەتە ئاراوە. ئەو دەوڵەتانە دەیانەوێت بەئینكار و لەناوبردنی گەلی كورد و بزاڤە ئاشتیخوازانەكەی، گەلانی تری ناوچەكەش لەمافە مرۆیی و دیموكراتی و نەتەوەییەكانیان دووربخەنەوە و بێ پێشەنگ و بێ رێبەرایەتی و بێ پرۆژەیان بهێڵنەوە. تەنانەت ئەوەی لەم چەند مانگەی رابردوودا بینیمان بە هاوكاری چەند لایەنەی دەوڵەتانی ئێران و توركیا ژمارەیەك لە پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لەباشوری كوردستان و عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە برد. ئەو شێوە هاوكاریانە لەبەرامبەر بەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن رژێمی ئێران و وڵاتانی ئەوروپایی رووی دا.

لەبنەمادا ئەو سیستەمە كە هیچ نرخێک بۆ مرۆڤایەتی دانانێت، دەیەوێت بەرەی بەرخۆدانی گەلان لاواز بكەن.

لەدیدێكی گشتیدا ئەوەی دیارە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ماددییەكانیان و مانەوە لەسەر دەسەڵات، دەیانەوێت ژمارەیەك لەهێزە خۆجەیی و هەرێمیەكان پاكتاو بكەن و بیانكەنە قوربانی چاوچنۆكیەكانی خۆیان و دەسەڵاتەكانیان.

پەژاک لەقۆناخێکی مێژوویدا كۆنگرە دەبەستێت

پەژاک هەست بەقووڵایی ستراتیژیەتی پیلانگێڕی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەكات و بەخوێندنەوەیەكی بابەتیانە و دوورودرێژ و بەرفراوان و لۆژیكیانە خۆی بەبەرپرسیار دەبینێت لە پێناو پووچەڵكردنەوەی ئەم دۆخە قەیراناویە كە رۆژانە گەلان دەچەوسێنێتەوە و رێگە بۆ كۆمەڵكوژی و برسێتی و لەناوبردن دەكاتەوە. بەتایبەتی وەک لەدروشمەكەشیدا دیارە پەژاک لەبەرامبەر بەسەرخستنی ئامانجەكانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پێشەنگی ئەو فەلسەفە و هزر بەئەركی خۆی دەزانێت دەستەوەستان نەمێنێت و هەموو هەوڵەكانی بخاتەگەڕ.

پەژاک، خاوەن پرۆژەی نەتەوەی دیموكراتیک و خۆسەری دیموكراتیک و كۆنفدراڵیزمی دیموكراتیكە. لەسەر بنەمای ئازادیی ژن پشت بەفەلسەفە و پارادایمی كۆمەڵگەیەكی سیاسی ـ ئەخلاقی و ئیكۆلۆژیك دەبەستێت. بۆیەش خۆی لەبەرامبەر بە ناسنامە و شوناسی گەلی كورد و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەبەرامبەر بەچارەنووسی گەلان و پێكهاتەكانی تری ئێران وەك ئەركێكی ویژدانی، ئەخلاقی و سیاسی و هزری سەیر دەكات.

كۆنگرەی حەوتەمی پەژاک بەخوێندنەوەیەكی قووڵ و بابەتیانە بارۆدوخی سیاسی ئێران، كوردستان، رۆژهەڵاتی ناوین و نێودەوڵەتی هەڵسەنگاند و پرۆژە و پیلان و بڕیاری گونجاوی وەرگرت. لەهەمانكاتدا كۆنگرەی حەوتەم پەنجەی خستەسەر ئەو كەم و كوڕیانەی لەساڵانی رابردوودا روویانداوە یاخود دووبارە بوونەتەوە رەخنە وهەڵوەستەیان لەسەر كرا و بڕیاری پێویست بۆ تێپەڕاندنیان وەرگیرا.

پەژاک، خاوەن تێكۆشانێكی بیست ساڵەیە لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و لەساڵی ٢٠٠٤ لەسەردەستی ئەو شۆڕشگێڕانەی بەرهەمی سەرهەڵدانی ساڵی ١٩٩٩ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لەسەر رێبەر ئاپۆ، دامەزراوە و لە بیستەمین ساڵیادی خۆیدا كۆنگرەی حەوتەمی دەبەستێت و كۆنگرەكەی پێشكەشی رێبەر ئاپۆ، بنەماڵەی شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی گەلی كودستان و رۆژهەڵاتی كودستان و بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و گەلانی ئێران دەكات.

بەبەستنی ئەم كۆنگرەیە لەقۆناخێكی وەها هەستیار و چارەنووسسازدا، دەیسەلمێنێت كە تاكە هێزە لەگۆڕەپانی پاراستنی رەوای گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئازادیخوازان خاوەن هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕانەی نەگۆڕەو سەرەڕای هەموو كەم و كوڕیەكانیش، جارێكی تر بەرۆحی ئاپۆیی دەیەوێت برەو بە تێكۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و گەلانی ئێران بدات و مل بۆ هیچ هێزێكی دەسەڵاتخواز و سەردەست نەوی ناكات.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە