هەواڵ

چوار هاووڵاتیی کورد بە گشتی سزای ١٦ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

چوار هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار/خانێ و مەهاباد بە ناوەکانی سولەیمان سالک، عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە لەلایەن دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە دەستە و گرووپدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" بە گشتی سزای ١٦ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی فەرمی بەم هاووڵاتیانە ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سولەیمان سالک، ٧١ ساڵان و خەڵکی مەهاباد، سزای ١٠ ساڵ زیندان و هەریەک لە ئاکام خزرزادەی تەمەن ٢٨ ساڵان و خەڵکی گوندی "کانی بوداغ"، عوسمان دڵسۆزی تەمەن ٦٤ ساڵان و هەژار دڵسۆزی تەمەن ٣٠ ساڵان و خەڵکی گوندی "زێوکە"ی پیرانشار، سزای ٢ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

سولەیمان سالک ڕۆژی ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ (٢٨ی ژوەنی ٢٠٢٢) لە جادەی مەهاباد بۆ پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ئورمییە. ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتایی‌هاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا و ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

هەروەها عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە لە ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١دا (٥ی جولایی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کران.

هەژار دڵسۆز ڕۆژی ٧ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) و عوسمان دڵسۆز و ئاکام خزرزادەیش ڕۆژی ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە