هەواڵ

سزای ئەمجەد ساڵحزادە جێبەجێ کرا

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمجەد ساڵحزادە"، تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی ئەحمەد خەڵکی سەقز، جێبەجێ کرا و ناوبراو بڕە پارەی ١٢ ملیۆن تمەنی بە لقی ٢ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی رژیم لەم شارە دا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، ئەمجەد ساڵحزادە، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، نامەیەکی پێ گەیشتبوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی قازی جەواد مستەفایی، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران" سزای سێ مانگ زیندانی تەعزیریی بە سەردا سەپێندرا و دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای تەعزیری، سزاکەی بە پێبژاردنی ١٦ ملیۆن تمەن پارەی نەخت گۆڕی. سزای ئەم هاووڵاتییە بەپێی مادەی ٤٤٢، بۆ ١٢ میلیۆن تمەن کەم کرایەوە.

ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بانگی ئیتلاعاتی ڕژیم لە سەقز کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی‌هاتنی قۆناغەکانی دادگاکەی ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بەڕێوەچوو و ناوبراو بە "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە