هەواڵ

کەنەکە: پاراستنی زمانی کوردی یەکبوونی نەتەوەییمان پتەو دەکات

کۆمیسیۆنی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە، لە پیامێکدا بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردی، پاراستنی زمانی کوردیی وەک ناسنامە و هۆکاری مانەوەی گەلی کورد ناو بردووە. هاوکات پاراستنیشی بە زامنی یەکبوونی نەتەوەیی زانیوە.

لە پەیامەکەی کەنەکەدا هاتووە: "پاراستنی زمانی کوردی و لێک‌نزیککردنەوەی دیالێکتەکانی، یەکبوونی نەتەوەییمان پتەو دەکات، بۆیە، با هەموو ڕۆژەکانی ساڵ ڕۆژ و جەژنی زمانی کوردی بێت."

ڕۆژی ١٥ی مەی وەک ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی دایاری کراوە. کۆمسیۆنی زمان، کەلتوور و پەروەردەی کەنەکە بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە و ئەم ڕۆژەی پیرۆز کردووە.

لە بە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی کەنەکەدا هاتووە: زمانی کوردی بە درێژایی مێژوو ناسنامە و هۆکارێک بووە بۆ مانەوەی گەلەکەمان، زمانی کوردی خاوەن تایبەتیی ڕێزمانی زمانی خۆیەتی و لەبەرامبەر ئەو شاڵاوانەی سەر گەلی کورد، زیندوویی و ڕەسەنێتی زمانەکەی بەهێزترین چەک و هۆکار بووە بۆ پاراستن و بەرەنگار بوونەوە.

کەنەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە خاکی کوردستان دوای جەنگی یەکەمیی جیهانی، دەوڵەتانی سەردەستی (ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا) سیاسەتی نکۆڵیکردنی زمان و هەوڵی سڕینەوە یان توانەوەی زمانی کوردیان پەیڕەو کردووە. لەو پێناوەدا لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی بێوچان کراوە و گۆڤار و ڕۆژنامەی جۆراوجۆر دەرچوێنراون، کە ڕۆڵیان لە زیندووڕاگرتنی زمان و پاراستنی تایبەتمەندیەکانی نەتەوەی کوردیان هەبووە.

کەنەکە باسی لەوەش کردووە کە مەخابن، تا ڕۆژی ئەمڕۆ لە تورکیا و ئێران کوردان لەو مافە گەردوونی و یاساییەی بەکارهێنانی زمانی دایکیی بێبەشن، سەرباری فشاری بەردەوام و نەبوونی دەرفەتی بەکارهێنانی زمانی شیرینی کوردی لە وڵاتانی تورکیا، ئێران، بەڵام بە هەوڵی خەمخۆران و زمانپەروەرانی کورد، ئێستا زمانی کوردی لە ئاستێکی باڵا دایە و تێکەڵی دنیای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و وەرگێڕانی ئامێری بووە و قۆناغی زۆر باشیشی بڕیوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریە خێرایانەی جیهان و شۆڕشی پەیوەندیەکان و ئامێرە ئەلەکترۆنیە زیرەکانە بووە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر زمان داناوە و بردوویانەتە ئاستێکی ترەوە.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان وێڕای دەربڕینی سووپاس و پێزانین بۆ ئەو هەوڵانە و جەختکردنەوە لە ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوام دەڵێت: پاراستن و نزیککردنەوەی دیالێکتەکان لە یەکتری و دانانی فەرهەنگی نەتەوەیی و پلانی گونجاو بۆ بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، ڕێنووس و زمان و تەکنەلۆژیا ئەرکی حکومەتیی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژاوا و هەموو سازی و خەمخۆران و پسپۆڕانی زمانی کوردییە.

کەنەکە دووپاتی دەکاتەوە کە بەپێی دەرفەت و توانا لەو بوارانەدا هەوڵ دەدەن و چالاکی جۆراوجۆر هەم لە کوردستان و هەم لە تاراوگە لە ناو ڕەوەندی کوردیدا ئەنجام بدەن.

کۆمسیۆنی زمان، کەلتوور و پەروەردەی کەنەکە، لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای خواستووە کە هەمیشە زمانی کوردی یەکێک لە زمانە پێشەنگەکانی جیهان بێت؛ "ئەوەش وەک لە پەیامەکەدا هاتووە، "کار و خەباتی بەردەوام و جیدی و بەپلانی دەوێت."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە