هەر یەک لە کۆمیتەی پەروەردەی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵانی ژنانی کوردستان، کەژەکە و کۆمیتەی پەروەردەی کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، لە دوو پەیامی جیادا جەژنی زمانی کوردییان لە کوردستانیان پیرۆز کرد.
لە پەیامەکەی کەژەکەدا تیشک خراوەتە سەر گرنگیی ڕۆڵی ژنان، کە بەرامبەر بە هەموو جۆرە هێرشێکی دەوڵەتان بەرخۆدان دەکەن و خۆیان تەسلیمی چاندی تواندنەوە نەکردووە و وایانکردووە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان زمانی کوردی بەردەوام بێت.
کەژەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە گەلی کورد تا ئەمڕۆ توانیویەتی بە زمانەکەی بوونی خۆی و ناسنامەکەی بپارێزێت و بەرامبەر هەر جۆرە کۆمەڵکوژیەکی فیزیکی و کولتووری بوەستێتەوە.
کەژەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی کە گەلی کورد لە بەرامبەر سیاسەتی تواندنەوەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، بە خاوەنداریکردن لە زمانی خۆی ئەوەی سەلماندووە کە ناتوانن لە ناوی ببەن.
کەژەکە بانگەوازی لە ژنانی مامۆستا، ژنانی ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەوانان و نووسەر، دایکانی کورد و گەلی کورد کردووە بە درووشمی "چاند جەستەیە، هەبوونە، زمانیش دڵی چاندە، جەستەی کۆمەڵگەی مرۆڤە"، لە دژی هێرشی سیاسەتەکانی تواندنەوە، قڕکردنی کولتووری و نەژادپەرستی، خاوەنداری لە زمان و چاندی خۆیان بکەن.
کۆمیتەی پەروەردەی کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکەش لە جەژنی زمانی کوردییدا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا باسی لە گرنگی پاراستن و خاوەندارێتیکردن لە زمانی کوردیی کردووە.
کەجەکە لەگەڵ ئاڕاستەکردنی پیرۆزبایی، ئاماژەی بە وتەیەکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان کردووە کە دەڵێت: "ئاستی بەرەوپێشچوونی زمان، ئاستی بەرەوپێشچوونی ژیانە، کۆمەڵگەیەک چەندە ئاستی زمانی دایکی خۆی بەرەوپێش بردبێت، بەو ڕادەیەش ئاستی ژیانی بەرەوپێش بردووە، هەروەها چەندە زمانی لەدەست دابێت و کەوتبێتە ژێر کاریگەری زمانەکانی دیکەوە، بەو ڕادەیە داگیرکراوە، تووشی سەرکوت و قڕکردن بووەتەوە، ئەو کۆمەڵگایانەی لەو دۆخەدان ناتوانن لە ڕووی هۆشیاریی، ئاکاریی و پێگەوە خاوەن ژیانێکی واتاداربن و وەک کۆمەڵگەی نەخۆش تا ئاستی لەناوچوون ناچار بە ژیانێکی مەرگەساتبارانە دەبن."
کەجەکە دووپاتی کردووەتەوە، زمان ناسنامە و ئامڕازی هاوبەشی کۆمەڵگەکانە، پاراستن و بەرەوپێشبردنی یادەوەری هاوبەشی کۆمەڵگە، پەیوەستە بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی دایکی، بۆیە قەدەغەکردنی زمانی کوردیی، لە بنەڕەتدا سیاسەتی نەهێشتنی هەبوونی کوردە، بە پێویستی دەزانێت لە دژی ئەو سیاسەتە، بەڕێگەی قسەکردن و نووسین و بەکارهێنانی زمانی کوردیی تێبکۆشین و لە هەموو کات زیاتر خاوەنداریی لە زمانەکەمان بکەین.
دەشڵێت: دەبێت ئێمە لەبیری نەکەین؛ خوێندن و فێربوون بە زمانی دایکی ڕەواترین مافە، بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە لە هەموو کایەکانی ژیاندا، خۆ بەرێکخستن و ئەنجامدانی چالاکیی هەم مافێکی ڕەوایە، کە ناکرێت دەتسبەرداری بین و هەمیش پێویستیییەکە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا کەجەکە دەڵێت: پێویستە گەلەکەمان لە هەر جێیەکی جیهاندا دەژی، قسەکردن و نووسین و بەکارهێنانی زمانی داکیی، وەک پێویستی و تێکۆشان و چالاکییەک ببینێت دژی ئەو سیاستە قڕکردنەی لەسەر بەڕێوە دەچێت و بەهەموو ئاماڕاز و ڕێگەکان بەهێز و فراوانی بکات.