هەواڵ

وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی مانیان لە خواردن گرت

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ (١٤ی مەی)، وریشە مورادی (جوانا سنە) ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە لە ١٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە دەستبەسەرە، لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گواسترایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات. وریشە مورادی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گواستنەوەی لە ڕۆژی چوارشەممەوە مانی لە خوواردن گرتووە.

هەروەها ژنە چالاکڤانی کورد پەخشان عەزیزی، هاوبەندی ئەو زیندانییە سیاسییە، لە دوێنێوە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گواستنەوەی وریشە مورادی مانی لە خواردن گرتووە.

بە گوێرەی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، گواستنەوەی ئەم زیندانییە بۆ بەشی ٢٠٩ لە کاتێکدا ڕوودەدات کە هەفتەیەک لەمەوبەر بە فەرمانی "دادوەر" سەڵەواتی کە بە قازی مەرگ ناسراوە مافی پەیوەندیکردن و سەردانی خێزانەکەی لێسەندراوەتەوە.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) و پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکی کورد کە لە ناوەڕاستی گەلاوێژی ١٤٠٢دا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە شارەکانی سنە و تاران دەستبەسەر کران، تا ئێستایش بە تۆمەتی "بەغی" و "ئەندامبوون لە دەستە یان کۆمەڵەکاندا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە زیندانی ئێڤینی تاران ڕاگیراون.

دۆسیەی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بە ڕیز نێردراونەتە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی "دادوەر" سەڵەواتی و لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری. ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «بەغی» بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست ئەگەری سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەم زیندانییە سیاسیانەدا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتووە، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٨ مانگ لە دەستبەسەرکردنی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، ئەم دوو ژنە زیندانییە تا ئێستاش لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران ڕاگیراون و دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران هێشتا کاتێکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دیاری نەکردووە.

ئەم دوو ژنە چالاکە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا کاتی دەرکردنی سزانامەکە و هەناردنی دۆسیەکە بۆ بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامی، لە مافی وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوون. بەپێی سزانامەی ڕاگەیەنراو لە لایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئەمنیەتی ئێڤینەوە، داوای جێبەجێکردنی مادەکانی ٢٨٨ و ٤٩٩ی یاسای سزادانی ئیسلامی بۆ ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کراوە.

بەپێی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، "هەرکات ئەندامانی گرووپی باغی پێش تێکهەڵچوون و بەکارهێنانی چەک دەستگیر بکرێن، ئەگەر هێشتا ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە مابێت سزای بەندکرانی پلە سێ و ئەگەر ڕێکخستن و سەرکردایەتیی گرووپەکە نەمابێت سزای بەندکرانی پلە پێنجیان بەسەردا دەسەپێت".

هەروەها بەپێی مادەی ٤٩٩ی یاسای سزادانی ئیسلامی، "هەرکەسێک کە ئەندام بێت لە دەستە یان کۆمەڵە یان لقی کۆمەڵەیەکدا کە دەیهەوێ ئاسایشی نیشتمانی تێک بدات، سزای سێ مانگ تا پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا دەسەپێت مەگەر ئەوەی بسەلمێت ئاگای لە ئامانجەکانی ئەو گرووپ و دەستەیە نەبووە."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە