هەواڵ

کامران شێخە، زیندانیی مەزهەبیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕ (١٦ی مەی) زیندانیی مەزهەبیی کورد کامران شێخە بە مەبەستی لەسێدارەدان، لەلایەن بەرپرسانی دەسەڵاتی قەزایی ڕژیمی تارانەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کرا.

ئەم زیندانییە لە کاتێکدا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو هاودۆسیەیەکی دیکەی بە ناوی خەسرەو بەشارەت دوای ٢ حەفتە مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانە، لە سێدارە درا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕ (١٦ی مەی) کامران شێخە، زیندانیی مەزهەبیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزلحەساری کەرەج کراوە. بنەماڵەی ئەم زیندانییە تا ئێستا لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ دودیدار بانگهێشت نەکراون.

دوابەدوای گواستنەوەی خەسرەو بەشارەت بۆ ژووری تاکەکەسی، ئێستە مەترسیی لەسێدارەدانی دەسبەجێ و خێرای ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ئارادایە.

کامران شێخە، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ (٧ی دیسامبەری ٢٠٠٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمییە. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٨ مانگ لەو دەستبەسەرگەیەدا بە تۆمەتی «موحارەبە» خرایە بەر لێپرسینەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا. لەم زیندانەیشدا بۆ ماوەی ٦ مانگ لە بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩دا لێپرسینەوەی لێ کرا و لە خاکەلێوەی ١٣٩١دا (مارسی ٢٠١٢) گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) کامران شێخە لەگەڵ هاودۆسیەکانی دیکەیدا بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.

لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی "دادوەر" سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەر کامران شێخە و هاودۆسیەکانیدا سەپاندەوە. ئەم جارە دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە و بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە و لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٠) بڕیارەکە بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەیان، مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی، ڕاگەیەنرا.

کامران شێخە لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکەیدا بە ناوەکانی ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦دا (١٩ی سێپتامبەری ٢٠١٧) بە مەبەستی دادگاییکردن بە تۆمەتی «کوشتنی سەربازێک لە مەهاباد» لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دادگای ئەم سێ کەسە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا (٣٠ی ژوەنی ٢٠١٨) لە لقی ١٢ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا کامران شێخە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای «قەساسی نەفس»ی بەسەردا سەپا.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە