ڕوکەن نەغەدە: پێویستە هەمووان زیاتر لە دەوری شۆڕشی ژنان کۆببنەوە و خۆیان ڕێکبخەن

ڕوکەن نەغەدە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژار لە وتارێکدا ئاماژە بە خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان دەکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و دەڵێت: ژنان لە رێگای ئازادییدا تێدەکۆشن و قوربانیی گەورەیان داوە.
ڕوکەن نەغەدە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژار، لە بەشێکی وتارێکدا کە لە ماڵپەری نەوای ژن بڵاوبۆتەوە بەناونیشانی: بیرکردنەوە کۆن و رزیوەکان لەناودەچن، باس لە تێکۆشانی ژنان دەکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.
ئەو بە ئاماژەدان بەوەی ژنان لەپێناو ئازادیدا هەنگاودەنێن و قوربانیی دەدەن، نووسیویەتی: یەکێک لەو کەسانەی گەورەترین بەربەست بوو بۆ ژنان، ئیبراهیم رەئیسی بوو. خامنەی و رەئیسی، مەجلسی خوبرەگان و هەموو ناوەندەکانی دیکەی ئەو رژێمە، بازنەکانی ستەم لە دەوری ژن و کۆمەڵگا بنیات دەنێنن و لەبەرامبەردا، شۆڕشی ژنان، شۆڕشێکی کلتوری، هونەری، سیاسی و کۆمەڵایەتییە، کە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، بە مانیفێستی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەپشتییەتی و بۆتە ئەلتەرناتیڤ بۆ ژنان و خەڵکانی وڵاتێکی وەک ئێران.
روکەن نەغەدە دەڵێت: رقی ڕژێمیش بەرامبەر بە ژنان و جەوانان بە ئەشکەنجە و زیندانیکردنیان، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، هەربۆیە پێویستە هەمووان زیاتر لە دەوری شۆڕشی ژنان کۆببنەوە و خۆیان ڕێکبخەن.
لەو چوارچێوەیەدا روکەن نەغەدە ئاماژە بە تێکۆشانی کەژار دەکات، کە هەنگاوی مەزنی ناوە و خەریکی بنیاتنانی خەباتێکی نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسەر بنەمای تێکۆشانی ژنان، کە ئێستا ژنان بە ناسنامەی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە بەشداری لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا دەکەن و دەڵێت: زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و هەموو ژنە زیندانیانی دیکە لەسەر ئەو هێڵی تێکۆشانەن.
بەشداری ژنانی گەلانی تر و کاری هاوبەشیان بە پێشەنگایەتیی کەژار، خاڵێکە روکەن نەغەدە هەڵوێستەی لەسەر دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، کە کەژار چەندین بڕیاری گرنگی داوە لەپێناو تێکۆشان بۆ ئازادی ژن و کوردستانێکی ئازاد و ئێرانێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای یەکگرتوویی گەلان و نووسیویەتی: هەربۆیە ئێمە سەرقاڵین بە بابەتی تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا، نەک بە گۆڕینی دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندیدا. تەلارسازی ئەم فەلسەفەیەش ڕێبەری ئازادی، ڕێبەر ئاپۆیە. هەربۆیە پێویستە خەبات بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکەین.