هەواڵ

دیوانی باڵای دادوەریی ڕژیمی ئێران سزای لەسێدارەدانی مامۆستا محەمەد خزرنەژادی ئەرێ کردووە

سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ زیندانی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، مامۆستای ئایینیی ٤٥ ساڵانی کورد کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، لە دیوانی باڵای دەسەڵاتی قەزایی ڕژیمی ئێران وەک خۆی ئەڕێ کراوە.

بە گوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ناوەڕاستی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵذا، لقی ٤١ی دیوانی باڵای دادوەر بە سەرۆکایەتیی حاکم "عەلی ڕازینی" حوکمەکەی دادگای بەرایی وەک خۆی پەسەند کردووە.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (٢٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، دوای ١٤ مانگ دەستبەسەری، لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئورمییەوە بە سەرۆکایەتیی "ڕەزا نەجەف‌زادە"، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوتبوو کە "دادگای مامۆستا خزرنەژاد لە چوار کۆبوونەوەی کورتدا کە دواهەمینیان لە گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بوو، بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو. دادوەر بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوە و بەرگرییەکانی ئەو مامۆستایە و تەنها لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات، ئاوا سزایەکی بەسەردا سەپاندووە."

بەپێی کۆمەڵە بەڵگەیەک کە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، مامۆستا خزرنژاد لە هەر چوار کۆبوونەوەکەی دادگادا سەرەڕای ئەوەی دەرفەتی گونجاوی بۆ بەرگریکردن پێ نەدراوە، سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەرهەموو دانپێدانانەکان، لەوانە گرتەڤیدیۆییە تۆمارکراوەکە، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بە زۆر و لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا لێی وەرگیراوە.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباران، ئێستا لە بەندی ٢ی زیندانی ناوەندیی ئورمییە ڕاگیراوە کە تایبەتە بەو بەندکراوانەی لە دۆخی هەڵپەسێردراو و نادیاردان.

محەممەد خزرنەژاد لە قۆناغی دەستبەسەربوونیدا بۆ ماوەی ١٠٨ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمییە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملی خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە. هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بە زۆر گرتەیەکی ڤیدیۆییان لە دانپێدانانەکانی هەڵگرتووە و وەک بەڵگە لەسەر دۆسیەکەیان داناوە.

ئەشکەنجەدانی ئەم مامۆستایە بە ڕادەیەک بووە کە تەنانەت دوای گواستنەوەیشی بۆ زیندانی ناوەندیی ئورمییە، ئاسەواری ئەشکەنجەکان بەسەر جەستەیەوە دیار بووە.

هەروەها گومانی خستووەتە سەر شەرعیەتی دادگای شۆڕشی ئیسلامی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی خۆی و داوای کردووە لە دادگای تایبەتی مەلاکاندا دادگایی بکرێت.

ئەم مامۆستا کوردە لە کاتێکدا ل لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپە مەزهەبییە توندڕەوەکان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، کە هەمیشە لە وتار و ئاخافتن و بەیاننامەکانیدا ڕەخنەی لە هەرچەشەنە توندڕەوییەکی ئاینی گرتووە و بەردەوام پێداگریی لەسەر لێبوردەیی و ئاسانگیریی ئایینی کردووە.

محەممەد خزرنەژاد لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵەکەیان شکاندبوو و لەوپەڕی توندوتیژیدا پەلاماری مامۆستا خزرنژاد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان دابوو. هەروەها یاسر خزرنژادی کوڕی مامۆستایشیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستبەسەر کردبوو.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد دوای ئەوە دەستبەسەر کرا کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مزگەوتی ئیفتیخاریی بۆکان وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کرد.

ئەم مامۆستایە دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە کاناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا کۆمەڵێک بۆچوون و بابەتی بۆ پشتگیریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و یادکردنەوەی گیانبەختکردوان بڵاو دەکردەوە.

هەروەها لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠١دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەیاننامەی ٢٦٦ مامۆستای ئایینیی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردن لە سەرهەڵدانی جەماوەری و شەرمەزارکردنی سەرکوتی توندوتیژی خەڵک لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بڵاو کرایەوە کە مامۆستا خزرنژادیش یەک لە واژۆکەرانی بوو.

لە بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، وترابوو: «ئێمە وەک کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سوننەی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی تەواوی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەوا و یاساییەکانی خەڵک، توندوتیژی و دەستبەسەرکردن و کوشتاری خۆپیشاندەران بە توندی شەرمەزار دەکەین و پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی هەموو خەڵکی بوێر و ستەملێکراوی ئێران دەکەین».

مامۆستا خزرنەژاد لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ناچار کراوە واز لە ئەرکی بەرنوێژی لە مزگەوتە جیاوازەکانی سنە و بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریان بهێنێت.

لە کۆتایی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (ناوەڕاستی فێبرییەی ٢٠٢٤) ژمارەیەک لە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی سوننەی کوردستان لە دووتوێی نامەیەکی هاوبەشدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ڕژیمی ئێران، ڕایانگەیاندبوو کە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر مامۆستا محەممەد خزرنەژاددا دوورە لە دادپەروەری و وێڕای ڕەتکردنەوەی هەموو تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، داوای ئازادکردنی ئەم مامۆستا کوردەیان کردبوو.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە