هەواڵ

ساڵح نیکبەخت: پێویستە دۆسیەی حاتەم ئوزدەمیر بەشێوەیەکی بێلایەنانە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت

حاتەم ئۆزدەمیر، کە پێشتر سزای لە سێدارەدانی لەلایەن دیوانی باڵای دادی ئێرانەوە هەڵوەشابووەوە، جارێکی دیکە لەلایەن لقی سێی دادگای ئورمیەوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندراوەتەوە. پاریزەر ساڵح نیکبەخت دەڵێت: پێویستە دۆسیەکەی بە بێلایەنانە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

ساڵح نیکبەخت پارێزەری حاتەم ئۆزدەمیر، گەریلای هەپەگە، کە لە مانگی جولای ٢٠١٩ەوە لە ئێران دەستبەسەرە، سەبارەت بە تۆمەتەکانی سەر ئەو زیندانییە سیاسییە، بە ماڵپەڕی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی راگەیاند، دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانیە سیاسیە لەلایەن دیوانی باڵا و گەڕاندنەوەی دۆسیەکەی بۆ دادگا، بەپێچەوانەی رێکارە یاساییەکانەوە پارێزەران ئامادەی قۆناغەکانی سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە نەبوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو دوو شایەتە سەرەکیەی لە شوێنی رووداوەکە بوون، وتەیان وەرنەگیراوەتەوە و لە بری ئەوان، وتەی چوار بۆ پێنج کەس وەرگیراوە، کە لەکاتی رووداوەکەدا لەوێ نەبوون و قسەکانیان پڕە لە دژیەکی.

ساڵح نیکبەخت بەبیریهێنایەوە کە دوو شایەتە سەرەکیەکە باسیان لەوەکردبوو، لە هێرشێکی سوپای پاسداراندا بەهۆی هاوەنەوە حاتەم ئۆزدەمیر بێهۆش بووە و بەشداری شەڕی نەکردووە لە دژی سوپای پاسداران. هەروەها پشکنینی چەکەکەشی ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە، کە هیچ فیشەکێکی بەرەو سوپای پاسداران نەتەقاندووە.

پارێزەر ساڵح نیکبەخت رای داواکاری گشتیی ئێرانیشی بە بیرهێنایەوە کە رایگەیاندبوو تۆمەتی بەغی بەسەر ئۆزدەمیردا ساغ ناکرێتەوە و دەڵێت: سەرباری هەموو ئەمانە، بەهۆی لێکۆڵینەوەیەکی نادادپەروەرانە و پڕ کەموکورتیی یاسایی، سەرلەنوێ دادگا لە ئورمیە سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو زیندانیە سیاسیە کوردەدا سەپاندووەتەوە.

پارێزەر ساڵح نیکبەخت ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەگەر جارێکی دیکە دۆسیەکە رەوانەی دیوانی باڵا بکرێتەوە، ئەوا سزاکە هەڵدەوەشێنێتەوە، چونکە جگە لە وتەی شایەتحاڵەکانە، هیچ شتێک لە دۆسیەکەدا نەگۆڕاوە. هەربۆیە دۆسیەکە پێویستی بەوەیە بێ لایەنانە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە