هەواڵ

ڕاگەیەندراوی ژینگەدۆستانی زاگرۆس سەبارەت بە کۆتایی‌هاتنی ئاگرەکانی جوانڕۆ

ڕێکخراوی ژینگەدۆستانی زاگرۆس لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ئاگرکەوتنەوەکان لە سرووشت و دارستانەکانی دەوروبەری شاری جوانڕۆ، سپاسی خەخۆری و بەهاناوەهاتنی خەڵکی کوردستان و سەرجەم دانیشتووانی زاگرۆسی کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردان لەسەر لاپەڕەی ئەو ڕێکخراوە لە ئینستاگرام بڵاو کراوەتەوە، باسی هەوڵی بێوچانی ژنگەدۆستا و ژینگەپارێزان لە ماوەی هەشتی ڕۆژی ڕابردوودا بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکان کراوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و دانیشتوانی زاگرۆس وەک ئەوەی هەمووتان لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا ئاگاداربوون ئاگرێکی بەربڵاو داوێنی چیاکانی نەوەل، نۆخان، میراولی و سپێوەری گرت و هەر لە سەرەتای ئاگرەکانەوە دامههزراوەی ژینگەدۆستانی جوانڕۆ بە تیمێکی چەند کەسییەوە بە هانای قەیرانەکەوە ڕۆیشتن و دەستی ماندوو بوونیان لە دژی گڕ و تینی قین و ناحەزی نا و لە گەڵ ئەوەی پێش بینی دەکرا کۆتایی ڕەوشی قڕێژی نەیاران بە ئەنجامیی بگات، سەرەڕای زاڵبوون بە سەر ئاگرەکەدا دیسان ئاگر و ئاگر و لەم لاشەوە بەرخۆدان و بەرخۆدان.

لە ڕۆژی دووهەمدا لە سەر ئەساسی بانگهێشتی بنیاتی ژینگەدۆستان خەڵکی جوانڕۆ قۆناغێکی مێژووییان تۆمار کرد و هاوکات لە گەڵ جوانڕۆ شارەکانی دیکەی کوردستان و گوند و باژێڕە جۆاروجۆرەکانی بە ڕێخستنی تایبەتەوە پاڵیان لە پاڵی ژینگەدۆستان نا و قۆناغێکی دوبارەی پێکەوەژیانیان نواند.

لە ئەمڕۆدا دوای کۆتایی هاتنی ئاگری دارستانەکانی جوانڕۆ بە پێویستمان زانی سپاسی تایبەتی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو کەسانەی بکەین؛ کە بە هەر بیر و هزرێک، بە هەر شێوەیەک چ بە بەشداری ڕاستەوخۆ لە بەرەکانی ئاگردا چ بە شێوەی ناردنی نامە و پێوەندی و دەربڕینی ئامادەبوون و چ بە یارمەتیدانی خوراک و کەل و پەل و چ بە کڕینی کەرەستەی جۆراوجۆر یان لێنانی چێشت و تەنانەت دۆعا و سۆز یان بە هەر چەشنێکی تر کە وەفاداری خۆیان بۆ نیشتمان بە جێ هێنا.

لە کۆتاییشدا پێویستە دەستی ماندوو بوونی دۆستانی ژینگەی دەڤەرەکانی تری وڵات بکەین کە ئەوانیش خەریکی ساڕێژی زام و برینەکانی نیشتمانمان بوون.

بنیاتی ژینگەدۆستانی زاگرۆس/ژینگەدۆستانی جوانڕۆ

ڕێکەوتی 25ی جۆزەردانی 2724

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە