هەواڵ

دۆخی نالەباری محەممەد دارگا لە زیندانەکانی تورکیا

محەممەد دارگا یەکێکە لە هەزاران زیندانیی سیاسیی باکووری کوردستان. ئەو ٣٢ ساڵی ژیانی لە ناو زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەسەر بردووە. هۆلیا دارگا، هاوژینەکەی دەڵێت کە بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە لە زیندانی تاکەکەسیدا خراپە و پێویستە هەرچی زووتر ئازاد بکرێت.

لە مانگی فێبرییەی ئەمساڵدا کەمپەینێک لە ژێر ناوی "ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسی بۆ کێشەی کورد" پێکهێنرا و لەو پێناوەدا هەزاران زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی حکومەتی فاشیستیی تورکیا مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند. یەکێک لەو زیندانیانەی پەیوەستی ئەم هەڵمە تەبوو، محەمەد دارگای تەمەن ٦٥ ساڵان بوو. دارگا لەو کاتەوە گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردایە.

هۆلیا دارگا سەبارەت بە هاوسەرەکەی کە لە زیندانی گێرسۆن لە شاری ئەسپییەی سەر بە پارێزگای گێرسۆنە، دەڵێت: «تەمەنی بەرزبووەتەوە و وەک جاران بە تاقەت نییە و جەستەی لاواز بووە. تووشی بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە بووە. کێشەی گەدەی هەیە و تووشی هەوکردنی درێژخایەنی گەدە بووە. دوو جار لە زیندان نەشتەرگەری ئەنجیۆپلاستی بۆ کراوە».

ئەم زیندانییە بە هۆی چالاکیی سیاسییەوە لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری مێرسین لە تورکیا دەستبەسەر و ٣٢ ساڵی ڕابردووی لە زیندانەکانی ئەدەنە، جۆلەمێرگ، چاناکالا، وان و ئەسپییە بەسەر بردووە.

هۆلیا دارگا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: «ئێمە هەرگیز تەسلیمی خواستی دەوڵەت نابین. ٣٢ ساڵی ژیانی ئێمەیان کرد بە دۆزەخ. ئێمە تەنیا داوای مافە ئینسانی و ڕەواکانی خۆمان دەکەین. ٣٢ ساڵە بە سەربەرزی منداڵەکانم بەخێو کردووە. هەم باب بووم و هەم دایک. کارم کردووە و زگیانم تێر کردووە و زیلە ڕوومەتی خۆم سوور ڕاگرتووە».

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، دەزگای هەواڵگری و حکومەتی تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار هۆلیا دارگایان بە مەبەستی تەسلیمکردنی هاوسەرەکەی دەستبەسەر و زیندانی کردووە. بەڵام هۆلیا دارگا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ حکومەتێک ناتوانێت ئەوان لە بیری دیموکراسی‌خوازی و ئازادی دوور بخاتەوە.

هۆلیا دارگا، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی هاوسەرەکەی دەڵێت: «داوای ئازادکردنی دەستبەجێی دەکەم. هاوسەری من ٣٢ ساڵ تەمەنی بە ناڕەوا لە زینداندا بووە. ئێستاش باری تەندروستیی باش نییە و مانەوەی لە ژووری تاکە کەسی ژیانی ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. ئەو تەنانەت ناتوانێت ئیشی پاک و خاوێنی خۆی بەباشی بکات. ئیتر چیان دەوێ لە جەستەیەکی نەخۆش."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە