هەواڵ

ئیسرائیل دەڵێت زیاتر لە نیوەی چەکدارانی حەماس کوژراون یان بریندار بوون

یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە سەدا ٦٠ی چەکدارانی گرووپی ئیسلامگەرای حەماس لە میانەی شەڕی غەزەدا کوژراون یان بریندار بوون.

گالانت هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە سوپای ئیسرائیل لە ماوەی نۆ مانگی شەڕدا زۆربەی ٢٤ کەتیبە سەربازییەکەی گرووپی حەماسی "لەناو بردووە" یان "بێ‌کاریگەری" کردوون.

هیچ ناوەندێکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ ئەو قسەیەی گاڵانتی پشتراست نەکردووەتەوە.

ئەم لێدوانەی گالانت لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل هێشتا پێداگری لەسەر گەیشتن بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس دەکات. بەڵام زۆرێک لە شارەزایان بەدووری دەزانن ئەم وڵاتە لە کورتخایەندا ئامانجێکی لەو شێوەیە بپێکێت.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەرتی غەزە بە "دۆزەخ" بەراورد دەکەن.

لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر نەوەد لەسەدی ئەم کەرتە لەناوچووە یان زیانی بەرکەوتووە و نزیکەی هەموو دانیشتوانەکەی غەزە ئاوارە بوون و ژیانیان بەتەواوی گرێدراوی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە زیاتر لە ٤٠ هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگیی زۆر بووەتەوە و بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش دەتوانێت زیانی زیاتر بە پێگەی ئیسرائیل بگەیەنێت.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە