هەواڵ

لە ئیسپانیا و ئەڵمانیا چوار کەس بە تۆمەتی ناردنی پارچەی دڕۆن بۆ حیزبولڵا قۆڵبەست کران

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێفەی ئیسپانیا، پۆلیسی ئەم وڵاتە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی پووشپەڕ(١٨ی ژووییە)، سێ هاووڵاتیی بە تۆمەتی دابینکردنی پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ گرووپی ئیسلامیی حیزبولڵای لوبنان قۆڵبەست کردووە.

ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە داواکاری گشتیی فیدراڵی ئەڵمانیاش پێشتر لە ڕۆژی دووشەممەدا قۆڵبەست‌کردنی هاووڵاتییەکی لوبنانی لەم وڵاتە، بە هەمان تۆمەت ڕاگەیاندبوو.

بەگوێرەی ڕاپۆڕتی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەم قۆڵبەست‌کردنانە بەشێک بوونە لە لێکۆڵینەوەیەک کە پۆلیسی ئیسپانیا دەستی پێکردبوو، بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆمپانیایە ئیسپانییانەی کە بازرگانییان بەو پارچانەوە کردووە کە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی بەکاردێن.

پۆلیسی ئیسپانیا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ئەم کۆمپانیایانە لەلایەن کەسانێکەوە دامەزراون کە لە لوبنان لەدایکبوونە و ئەو بەشە لە درۆنەکانیان دابینکردووە کە توانای هەڵگرتنی چەک دابین دەکەن.

دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا دەڵێن پاشماوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە حیزبوڵڵا لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل ناردوونە، لەگەڵ ئەو کەرەستانە دەگونجێت کە لەلایەن ئەو کۆمپانیایانە لە ئیسپانیا و ئەڵمانیا دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژیی نێوان حیزبولڵا و ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی.

دوای دەست پێکردنی شەڕی غەزە، حزبولڵای لوبنان هاوکات لەگەڵ گروپە شیعەکانی دیکەی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنی زۆریان لە دژی ئیسرائیل دەستپێکردووە. ئیسرائیلیش لە تۆڵەدا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر پێگەکانی ئەو گرووپە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژی و ئاڵۆزییەکان لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل زیادیان کردووە. زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاواییش هۆشدارییان داوە سەبارەت بە تەشەنەسەندنی گرژییەکان و دەست پێکردنی شەڕێکی نوێ.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە