هەواڵ

ئیسرائیل بە کوشتنی هەنیە حکومەتی ئێرانی شکاندەوە

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆی فەرەنسا، ڕۆژنامەی "لێ زێکۆ" کە لە پاریس بڵاو دەکرێتەوە، پەیام و دەرئەنجامەکانی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە لە تارانی شیکردەوە و لە وتارێکدا ڕایگەیاندووە کە "ئیسرائیل بە کوشتنی هەنیە حکومەتی ئێرانی شکاندەوە."

بە گوتەی ئەو ڕۆژنامەیە ئەو موشەکەی کە هەنیەی ئەنگاوتووە، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیسرائیلەوە تەقێندراوە و ڕێک شوێنی مانەوەی ئەوی کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی زیانێک بە گیانی نوخالە، رێبەری جیهادی ئیسلامی بگەیەنێت کە لە نهۆمێک سەرتری هەمان باڵەخانەدا بووە.

لێ زێکۆ لە درێژەی بابەتەکەیدا لە ڕوانگەی سیاسی و سەربازییەوە، ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بە "گورزێکی یەکجار سەخت" وەسف کردووە.

هەروەها ژمارەیەک لە شارەزایانی سەربازی ئیسرائیل بەو ڕۆژنامەیان گوتووە کە کاردانەوەی ئێران و حیزبوڵڵا و حەماس گەورەنابێت و سنوورێکی دیاریکراو تێناپەڕێنێت، چوونکە ئەوان نایانهەوێ شەڕ گەورەببێتەوە.

ئیسماعیل هەنیە لە یەکەم کاتژمێرەکانی ڕۆژی پێنجشەممەدا لە تاران کرایە ئامانج. ئەو بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی پزشکیان هاتبووە تاران و چەند کاتژمێرێک بەر لە کوژرانی چاوی بە پزشیکیان و خامنەیی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی کەوتبوو. ئیسرائیل تا ئێستا بە فەرمی بەرپرسیارەتی ئەو کردەوەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە