کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ ڕەزا ڕەسایی هاووڵاتیی کوردی یارسانی و زیندانیی سیاسیی لە سێدارە دا.
کاتژمێر پێنجی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە، لە زیندانی دیزل ئابادی شاری کرماشان سزای سەپێندراو بەسەر رەزا رەسایی زیندانیی سیاسیی و یەکێک لە گیراوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی، جێبەجێ کرا.
کاربەدەستانی زیندانی دیزڵ ئاباد بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکەی، سزا سەپێندراوەکەی سەری جێبەجێ دەکەن. پاشان لە رێگای تەلەفونەوە بنەماڵەکەی ئاگادار دەکەنەوە و دوای ئامادەبوونی دایک و خوشک و براکەی لەبەردەم زیندانەکەدا، تەرمەکەی دەگوازنەوە بۆ گۆڕستانی مینائابادی کرماشان و لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا، بە خاکی دەسپێرن.
ڕەزا ڕەسایی تەمەنی ٣٤ ساڵان خەڵکی شاری سەحنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تاوانی "کوشتنی" هێزێکی حکومەت بە ناوی "نادر بایرامی"، کە بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەحنە بووە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
سەرەڕای ناڕەزایەتیی توندی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ئەم حوکمە مانگی سەرمازوەزی ساڵی ڕابردووی هەتاوی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا.
ڕەزا ڕەسایی لە خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١دا و لە گەرمەی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕێوڕەسمێکی پەیڕەوانی ئایینی یارسان لە شاری سەحنە بەشداری کردبوو. دوای توندوتیژی هێزە سەرکوتکارەکانی ڕێژیمی ئێران، ئەم ڕێوڕەسمە دەبێ ناڕەزایەتی جەماوەری و چەند ڕۆژ دووای ئەوە ڕەسای بە تۆمەتی "کوشتن"هێزێکی ڕژیم دەستبەسەر دەکرێت.
کۆماری ئیسلامی پێش ڕەزا ڕەسایی لانیکەم ٧ خۆپیشاندەری دەستبەسەرکراوی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیی لە سێدارە داوە. لەوانە کۆمار (محەممەد مەهدی) کەرمی، هاوڵاتییەکی دیکەی کورد کە ئەویش پەیڕەوی ئایینی یارسان بوو.
لەسێدارەدانی ئەو کەسانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کاردانەوەی توندی لە ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەڵام بە دیارە کە کۆماری ئیسلامی هیچ بڕیارێکی بۆ گۆڕینی سیاسەتی خۆی نییە و بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە بوارە جیاجیاکاندا.