مەجلیسی پەژاک: لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی شکستی سیاسی-ئەمنیی ستەمکارانەی رژێمی ئێرانە
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان، پەژاک وێڕای شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی رەزا رەسایی لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، دەڵێت: ئەو لەسێدارەدانە، شکستی رەوتی سیاسی-ئەمنیی ستەمکارانەی رژێمی ئێرانە.
ئەمڕۆ دوای ئەو تاوانە نامرۆڤانەیەی رژێمی ئێران، کە لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کوردی یارسان و خەڵکی شاری سەحنە، رەزا رەسایی بوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەی، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کارە، رایگەیاند: لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، نیشانەی سووربوونی ڕژێمی ئێرانە لەسەر سەرکوتکاریی زیاتری کۆمەڵگا و چالاکانی ئازادیخواز.
پەژاک دەڵێت: ئەم جۆرە لە سێدارەدانانە ئەوە دەردەخات، کە دەسەڵاتدارانی ئێران هێشتا لە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی پەندیان وەرنەگرتووە، که هێشتا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران لەناو دڵی کۆمەڵگادا بەردەوامە و دەژی. بەڵگەی ئەوەش، هەڵوێستی بەهێزی خەڵک بوو لەکاتی هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییەی سەرۆککۆماری ئێراندا.
پەژاک ئاماژە بەوە دەکات، کە لەسێدارەدانی چالاکان، ئەوە دەردەخات هێشتا دەسەڵاتداران لە دەرئەنجامەکانی ئەو بزووتنەوەیە دەترسن، کە هەر رۆژەو گۆڕانی قووڵی کولتووری و دەروونی لە کۆمەڵگادا دروست دەکات. لە سێدارەدانی هەر هەڵسوڕاوێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییش، نیشانەی نائومێدی و بێدەسەڵاتی ئەو رژێمەیە لەبەردەم شەپۆلی مەزنی شۆڕشی خەڵکدا.
پەژاک لەسێدارەدانی رەزا رەسایی، کە گەنجێکی کوردی یارسانی بوو، وەک مێژوویەک لە ستەم و چەوساندنەوە دەبینێت بەرامبەر بە ناسنامە جیاوازەکانی گەلی کورد چ وەک نەتەوە، چ وەک ئاین و دەڵێت: بەڵام ئەو رژێمە توانای ملکەچکردنی ئەو خەڵکەی نییە، کە بڕیاری مێژوویی خۆی داوە بۆ هێنانەدی گەورەترین گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، پەژاک وێڕای شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی و جەختکردنەوە لەوەی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی، وەک یەکێک لەو بزووتنەوانەی لە دڵی گەلان و کۆمەڵگادا رەگی داکوتاوە و تا ئازادیی تەواو، ناوەستێت، دەڵێت: لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی لەسەروەختی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا، شکستی سیاسی-ئەمنیی ستەمکارانەی رژێمی ئێران دەردەخات.