ڕوکەن جەمال بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن، یەپەژە، لەبارەی هێرشەکانی دێر زۆر دەڵێت: ئامانجی ڕژیمی سووریا تەنها دێر زۆر نەبووە، بەڵکو دەیانویست لە دێر زۆر سەرکەوتن بەدەست بهێنن و دواتر لە منبج، ڕەققە و تەبقە و حەسەکە هێرش بکەن، بەڵام هەسەدە شکستی بەم پلانە هێنا.
ڕوکەن جەمال لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی شارپرێس ڕایگەیاند کە هێزەکانی ڕژیمی سووریا و گرووپە میلیشیاکانی، هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر گوندەکانی دێرزۆر و بەتایبەت گوندەکانی سەر ڕووباری فورات ئەنجام دا.
بە گوتەی ڕوکەن جەمال، ئامانجی ڕژیمی سووریا لەم هێرشە چۆڵکردنی گوندەکانی دێرزۆر و تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی ئێستایە.
بەرپرسی راگەیاندنی یەپەژە گوتی: "پلانی ڕژیمی سووریا بەرفراوان بوو، چونکە ئەوان پلانیان دانابوو بۆ ئەو کارە ئەگەر لە دێرزۆر ئەنجامەکانیان بەدەست هێنابا ڕوویان لە ڕەقە، تەبقە، منبج و حەسەکە دەکرد بۆیە دەتوانین بڵێین پلانەکەیان فراوان بووە و ئامانجی سەرەکییان لەناوبردنی سەقامگیری و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی بووە."
"دەتوانین بڵێین دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوانی و ڕێکخراوی داعش و ڕژیمی سووریا هەمیشە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانمان. بۆیە لەکاتێکدا کە هێرشەکانی داعش و تورکیا بۆسەر ناوچەکانمان دەکرێت و زیادی کردووە، هێرشەکانی ڕژیمی سووریاش ئەوە ڕێکەوت نییە و بە واتای پشتگیریکردنی هێرشەکانی شانە نهێنییەکانی داعش دێت."
ڕوکەن جەمال ڕایگەیاند: "ڕژیمی سووریا لەژێر ناوی هێزی عەشایەری هێرش دەکاتە سەر خەڵک و هێزەکانی هەسەدە لە دێرزۆر، ڕژیمی سووریا لەژێر ناوی هێزی عەشایەری خۆی ڕێکخستووە و دژی هێزەکانی ئێمەیە. بەڵام وەک هێزەکانی هەسەدە بە سەرۆکایەتی یەپەژە ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەن و لە یەکەم ساتەکاندا وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە و هێرشەکانیان تێکشکاند."
لەئەنجامی هێرشەکانی ڕژیمی سووریا و چەکدارەکانی، ٢ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست دا و ٧ هاووڵاتیی مەدەنیش برینداربوون، جگە لەوەش لە وەڵامی هێرشەکانی ڕژێمی سوریا و پاراستنی خەڵکی دێرزۆر، هەندێک لە شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون.