بەرەی ژنانی باشوور لە بەیاننامەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ پارتە کوردییەکە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە، ئەو بڕیارەی بە "نادادپەروەرانە" و "ناپێویست" ناو بردووە.
لە بەیاننامەکەدا هەروەها داوا لە " لە هەموو ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران، پارت و لایەنە سیاسی و سەربەخۆکان" کراوە بەتوندی دژی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵ بوەستنەوە.
دەقی بەیاننامەکەی بەرەی ژنانی باشووری کوردستان:
لە کاتێکدا کە عێراق و هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواری پڕ لە کێشە و ئاریشەی جۆراوجۆردا تێپەڕدەبن، لە بری پێویست دیتن بۆ دروستکردکردنی هەماهەنگییەک لە نێوان پارت و لایەنەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێڕاق بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەو کێشە و باردودۆخە نەخوازراوە پڕ لە کێشەیە، دادگای فیدڕاڵی هەڵدەستێ بە دەرکردنی بڕیارێکی نادادپەروارانە و ناپێویست کە خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی سێ پارتی کوردی دا دەبینێتەوە، ئەوانیش (پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزیدی/پادێ، بەرەی تێکۆشانی دیموکراسی و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان).
ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵ لە کاتێکدا دێت، کە لەماوەی ڕابردوو هەریەکە لە وەزیری دەرەوە و وەزیری ناوخۆی تورکیا و ئەردۆغانیش سەردانی عێراقیان کرد.
ئامانجی ئەو سەردانانەیان لە دەرکردنی وەها بڕیارێک و کردەوە دژەکانی حکومەتی عێراق و بێ هەڵوێستییەکەی لەبەرامبەر ئەو هێرشە داگیرکارییانەی تورکیا کە لە کۆتایی مانگی حوزەیران و سەرەتای مانگی تەمموز دەستی پێکردووە و بەردەوامە، زۆر بە ڕوونی ڕەنگ دەداتەوە، ئەوەمان پێ نیشان دەدات کە عێراق خاوەنی ئیرادەیەک نییە کە (نا) بۆ تورکیا بکات و ئامادەیە لەپێناو چەند خاڵێکی ئەو ڕێککەوتنانە کە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراون، سەروەری خاکەکەی و شکۆی وڵاتەکەشی بخاتە ژێر پێ.
لە هەموو بارێکدا دەرکردنی وەها بڕیارێک ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین کە پارتی دیموکراسی و ئازادی ئێزیدییان زادە و هەڵقوڵاوی ئیرادەی گەلی ستەمدیدەی ئێزیدییە و بۆ لەسەرپێ مانەوەی کۆمەڵگەی ئێزیدی دوای ٧٤ جینۆساید و شکستپێهێنانی ئەو پلانە بەردەوامانەیە کە دژی ئێزیدییەکان و سیستەمی خۆ بەڕێوەبەرییان لە ئارادان، دەرکردنی وەها بڕیارێک ئەبێ کۆمەڵگەی ئێزیدی سوورتر بکات لەسەر مافی خۆبەڕێوەبەرێتی و دروستکردنی ستاتویەک کە ببێتە بناغەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات.
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیش کە ساڵانێکە لە باشووری کوردستان وێرای هەموو هەڕەشە و ئاستەنگییەک، بە مۆدێلێکی نوێ و جیاواز لە پارتە سیاسییەکانی باشوور درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دا، سڵی لە هیچ بەربەستێک نەکردەوە، سەرەڕای هەموو هەوڵێک نەبووە داردەستی هیچ لایەنێک، وەکو پارتێکی سەربەخۆ بۆ بونیادنانی سیستەمێکی نوێی دیموکراسی لە باشووری کوردستان هەموو هەوڵێکی دا، ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو لە جومگە سەرەکییەکانی ئەو پارتە نموونەی هاوسەرۆک جێیان گرت، بەمەش دەتوانین بڵێین تاکە پارتە لە مێژووی باشووری کوردستاندا، کەبەم مۆدێلە نوێ و جیاوازە بێتە ناو گۆڕەپانی تێکۆشانەوە، لەبەرئەوهۆیانەشە کە ئەم بڕیارە بە دژی ژنان و هەموو تاکێکی ئازادیخواز دەبینین.
بۆیە داوا لە هەموو ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران، پارت و لایەنە سیاسی و سەربەخۆکان دەکەین، بەتوندی دژی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵ بوەستنەوە، بۆئەوەی سەرنەکێشێتە بڕیاری بێ بنەماتر لە ئایندەدا، دەبێت ئەو بێدەنگییەی کە هەیە هەم لەسەر ئاستی تاک هەم لەسەر ئاستی گشتی بشکێنرێت، هەمووان یەک دەنگ بین و هەڵوێستی ڕژدمان هەبێ، چونکە دەزانین کە ئەو بڕیارە لە ناوەڕۆکدا زۆرشت هەڵدەگرێ و لە خۆگری چەندین پەیامی نەرێنی مەترسیدارە و بڕیاڕێکە لە چوارچێوەی خواستی داگیرکەران دایە و شوێنی ئەو بڕیارە دەرەوەی عێراقە نەک عێراق خۆی.
جارێکی تر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ پارتە کوردییەکە شەرمەزار دەکەین و داوای هەڵوێستی جددی لەهەموو تاک و لایەنێکی ئازاد و خاوەن ئیرادە دەکەین.